ھیاس محمود کاکەیی
کولتووری دێرین
کورتە
ریبازی بەکتاشی لە وڵاتی عوسمانی لە ناوچەی ئەنادۆڵ لە نێو خیڵە تورکمانە چینییەکان سەری ھەڵدا، بە سەر پەرشتی حاج بەکتاش وەلی خۆراسانییەوە، پاش ئەوە خاوەنی ئەو ڕیبازە ( باباسولتان ) لە ناوچەکە ھەبوو و داوا ی پیغەمبەری کردووە و دژ بە سەلجوقییەکان راپەری ، لە ئەنجام لە سێدارە درا، حاج بەکتاش بوو بە جیگری و سەروکی ( باباییەکان ). ئەو لایەنگرانەی باباییەکان کە رزگاریان بوو لە کوشتن، دەچنە ریزی بزوتنەوەەکەی حاج بەکتاشەوە ( داقوقی لا٢٧٢). سەرکردەی حروقییەکان (فزاللە الحروفی ئەستەرئابادی )لە ئێران لە ساڵی ١٣٩٦ز. لە سێدارە دەدریت و لایەنگرانی بەر سەرکوتک کردن دەبن، پاشان لەگەل بەکتاشییەکان لە سەدەی ( ١١ز) یەک دەگرن. ئەم ریبازانە لە رووی کولتوورییەوە سیمای ھەرە کۆنەکانی تورکی پاراستووە کە بە لە ئیسلام ھەبوون ، ھەر چۆن لە ناو کوردیشدا شێوەی ھەندێ رەگەزی میترایی و زەردەشتی لە ناو خۆدا پڕ کردووتەوە ( فەلەکەدین کاکەیی لا١٦٩). بەکتاشییەکان لە سەرەتای سەردەمی عوسمانییەکان کەوتنە بەر شاڵاوی زوڵم زۆر، بەتایبەت پاش سەرکوتکردنی شۆرشی ئینکشارییەکان ، بەھۆی ئەوەی یارمەتیدەری ئینکشارییەکان بوونە ( داقوقی لا٢٨٣)، جاریکی تر کەوتنە بەر گوشار و کۆمەڵ کوژی توند بەتایبەت لە سەردەمی سولتان سەلیم (١٥١٢ – ١٥٢٠ز) بە تومەتی ئەوەی یارمەتی و لایەنگری سەفەوییەکان بوونە ، کە زوڵم زۆری زۆریان بەر دەکەوێت و تەکیەو مەزارەکانیان قەدەغە دەکرێت. لە سەردەمی ولاتی تورکیا دا جاریکی تر دەکەونە بەر کۆمەڵ کوژی و تالان کردن دەربەدەری ، بەتایبەت پاش کۆتایی ھاتنی شۆرشی سەید رەزای دەرسیمی لە سالی ١٩٣٧ز. لە کۆتایی سەدی بیستەم زەرەرو زوڵمی زوریان لێکراوە ، پاش ئەو جموجۆلەی کردیان لە داواکردنی مافەکانیان. بەکتاشییەکان سنەوری تورکیای بەزانوە بۆ ئەلبانیا ، کاجاغستان ، مەجەرستان ، میسر ، بەلقان ،و دەشتەکانی لائەرنائۆڵد ی ئەلبانیا ( ئیڤانۆڤلا١١) ،ھەوەھا ئێران و عیراق و وڵاتی شام و چین و ئەمریکا (ویکپیدیا) و لە ھیندستان و پاکستان و ئەفغانستان..تاد.
بەکتاشییەکان
پیشەکی :
بەھاتنی سوپای عەرەب و ئیسلام بۆ رۆژ ھەڵاتی ناوەڕاست بەناوی فتوحاتەوە و سەپاندنی کولتوورو باج و سەرانە بەسەر دانیشتواندا ، بووە ھۆی نارەزایی و سەرھەڵدانی جۆرەھا بزوتنەوە و شۆرش دژ بەو داگیرکارییە ، کە زۆربەیان بە زەبرو زەنگ دادەمرکان.
بزوتنەوە ئایینیەکان ناچاربوونە بچنە نێو دونیای سوفیگەرییەوە کە لە ئایینی ئیسلامەتیدا قبوڵ کراو بووە، و بوەتە بنەرەتی بەردەوامی ھەموو ڕیبازەکان و ئایینەکانی غەیرە ئیسلام ، لە ژیر باری نھینیدا، زیندو بوونەوەی ڕیبازەکان ھۆکارەکەی سۆفیگەرییە، ( ئۆشۆلا١٠)، کە سۆفی دەڵیت خوا ئەندیشە نییە و واقعیەتی ژیان ( ئۆشۆلا ٢١)، سوفیگەری بە پێی بۆچوونی ( مایستەر ئیگھارت ) ھیچ کۆسپیک لە ریگەی گەیشتن و یەکگرتن لەگەل خودادا نییە تەنھا زەمەن نەبێت ، کە زەمەنی نەفسی و زەمەنی رەھا ئاویتە و تێکەڵی یەک دەبن ( محەمەد سلیمان عەباس لا٨٠).
لەڕیی ئەو ڕیبازانەوە کۆمەڵگا کان توانیان کولتووری دیرینی خویان ببوژیننەوە ئەگەر ھەندێ موتربەی بیرو باوەری ئیسلامیشی لەگەڵدایە. لەگەل دەرکەوتنی سولتان ئیسحاقی عەلەوی بەرزنجی، دوو بزافی بەناو بانگی توندڕەو لە ڕۆژ ئاوای ئێران و سەر زەمینی ئەنادۆڵ ( تورکیای عوسمانی ) دا دروست بوون و پەرەیان سەند یەکیکیان بەکتاشی و ئەوی تر حروفییە ( سولتانی لا١٢٧).
ریبازی بەکتاشی بە سەرپەرشتی حاج بەکتاش وەلی خۆراسانی بووە ، ھەر بە ناوی خۆشیەوە بە ناوبانگ بوو ، ھەرچەندە پیشتر کەسیک بەناوی ( بابا ئیسحاق ) لە ئەنادۆڵ بوونی ھەبووە ، کە پاشان لە ناو براو سەرکوت کرا ، بە ھۆی ئەو شۆرشەی بەر پاکرد دژ بە سەلجۆقییەکان لە ساڵی ١٢٤٠ز.دا گرتیان و لە سیدارەیان دا ، پاشان حاج بەکتاش بو بە سەرۆکی (باباییەکان) و ئەوانەی لە کۆمەڵ کوژی رزگاریان بوو پاش نەمانی بابا ئیسحاق چوونە ریزی بزوتنەوەکەی حاج بەکتاشەوە (داقوقی لا٢٧٢).دامەزرینەری ڕاستەقینە ( بالم بابا )بوو کە ساڵی ٩٢٢ک مردووە و دەرویشە بەکتاشییەکان ناوی دەبەن بە قوتبی دووەم ( شەکیب ئرسەلان )( لە فەیس بوکی عادل کاکەیی ). بابا بالم پەرەی پێداوە و ریکیخستووتەوە ( ویکپیدیا). ژیلەمۆی ئەم بزوتنەوەیە پیویستی بە کەسیک بوو لە دەرفەتیکدا دەستی تێ وەردا و گڕبگرێت، ئەو کەسە حاج بەکتاش بوو ، کە بووە میراتگری بابا ئیسحاق لە بوژانەوەی ریبازەکە بە ناوی خۆیەوە.
حروفییە ڕیبازیکی شیعی فارسی بوو و کاریگەری سۆفیگەری ئیسماعیلی لە سەر بوو (ویکپیدیا)، دامەزرینەری حروفییە ( فزل اللە ئەستەر ئابادی ) بوو لە ساڵی (١٣٢٩ – ١٣٩٣ز.) کە لە ساڵی ( ٨٠٠ک/ ١٣٩٦ز) لە لایەن میرانشای کوڕی تەیمور لە سیدارە درا( ئیڤانۆڤ لا٩٧).فزل اللە حروفی ریزی تایبەتی ھەبوو لای بەکتاشییەکان ( سولتانی لا١٢٨).
حروفییەکان لە ئێران ڕوو بە ڕووی سەرکوتکردن بوونەوە و کۆچیان کرد بۆ ئەنادۆڵ و ڕۆم وەک پەناگەیەک، پاشان خزانە ناو بەکتاشییەوە و یەکیان گرت لە سەدەی ( ٩ک/١١ز) لە لایەن عەلی الاعلا کە یەکێک بوو لە قوتابیەکانی فزل اللای حروفی، دەستیان لە زمانی فارسی ھەڵگرت و زمانی تورکیان ھەڵبژارد( ھەمان سەرچاوەی پیشوو). لە سەردەمی عوسمانییەکان بەکتاشی وەک گورەترین ڕیباز خۆی دەنواند سەرە ڕای ئەو ڕیبازانەش کە ھەبوون ھاوشێوەی بەکتاشی بوون لە بیرو باوەڕ( ئیڤانۆڤ لا١١).
لە سەرەتاوە دەسەڵاتدارانی عوسمانی بایەخیان پێ دەدان چونکە رۆڵێکی گەرەیان ھەبوو لە نێو سوپای ئینکشاری عوسمانی، بە لیدانی ئینکشارییەکان بەکتاشییەکان پەیوەندیان باش بوو لەگەل دەسەلاتدارانی عوسمانی سوننەی حەنەفی، ئینکشارییەکان ( یەنی چری = سوپای تازە ) پیکھاتبوون لە سەردەمی عوسمانییەکان لە گەنجە مەسیحییەکان کە دەیانکردەنە ئیسلام ، ئەوانیش دەبوونە بەکتاشی ( گ.ز. ع. د. ک. لا٤٤٥). لە بزوتنەوەکانی ئینکشارییەکان گوایە بەکتاشییەکان ریککەوتن ھەبووە لەنیوانیان ، بۆیە سولتان مەحمود ی دووەم لە سالی ( ١٨٠٨ – ١٨٣٩ز) فەرمانی داوە ھەموو تەکیەکانیان دابخرین پاش سەرکوت کردنی ئینکشارییەکان لە سالی ١٨٢٦ز.دا و زۆریشیان لی کوشتن و دوور خستنەوە لە شیخەکانیان وەک شیخی تەکییەی (مردون کۆی) ( ویکپیدیا – الموسوعە الحرە ). ئەو ئینکشاریانە دووەم سولتانی عوسمانی ( ئۆرخان ) دروستی کردن لە ساڵی ( ١٣٢٦- ١٣٥٩.)( ئەدموندز لا٢٣٩)، کە پاش پەیوەندی فەرھەنکی تورکیا بە ئەوروپاوە ، تەکیە و خانەقاکانیان داخران و کاریگەریەکی بەر چاوی لە باقی ولاتانی ئیسلامیدا نەبوو ( سولتانی لا١٣١) لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و لە سەرەتای دەوڵەتی کەمال ئەتاتورک تەواوی تەکیە و جەمخانەکانیان داخستبوون ( فلک دین کاکەیی لا١٧٤).
حاج بەکتاش وەلی و بەکتاشییەکان
حاج بەکتاش وەلی خوراسانی لە دایک بووی ساڵی ( ١٢٠٩ز.)یە ( ولایەت نامە لا٢٩)، کەچی ھەندێ نووسەر لە دایک بووی بۆ ساڵی ( ١٢٤٠ز.) دەگەرێننەوە ( السراف٢١٢)، رەگەزی دەگەریتەوە بۆ نەوەکانی ئیمامی عەلی ( ر.خ)(ھەمان سەرچاوە )، حاج بەکتاش فارسی بوو بەڵام رەگەزی تورکی بوو ، خویندنی لە قوتابخانەی تورکمانستان خویندووە کە سەر بە ماموستا ئەحمەد یوسفی بوو خاوەن ریبازی یوسفییە ( ویکپیدیا – الموسوعە الحرە ).
چوار ساڵ شاگردی لوقمان برندە بوو ، کە یەکێکە لە خەلیفەکانی ( ئەحمەد بسوی )، زانستی زاھیر و باتنی دەخویند لەسەر دەستی لوقمان برندە ، ( ویکپیدیا )، چل ساڵ شەو ورۆژ نوێژ و رۆژووی گرتووە و ھەر خەریکی خواپەرستی بووە ( ولایەتنامە لا٣٢). حاج بەکتاش ناوی ( محەمەدە ) ، ھەندی سەرچاوە بە حاج بەکتاش وەلی ناوی دەبات ، واتە ووشەی بەکتاش ناز ناوە ( ولایەتنامە لا٣٠)، ناوی تەواوی ئیبراھیم کوڕی موسای خۆراسانییە خەڵکی نیسابور بوو، (تاھری لا٨١) ، بە پێی ھەندێ کەرامات ماموستاکەی لوقمان برندە نازناوی ( ھونکار – خاوەنکار ) پێ بەخشیوە ، واتە حوکم ڕان ، پاشا ، سەلتان (ولایەتنامە لا٣٠)، زۆر ناز ناوی تریش پێی بەخشراوە ، جگە لە خۆراسانی کە خۆی خەڵکی ئەوی بووە و لەوێ لە دیک بووە ( ولایەتنامەلا٣١)،حاج بەکتاش وەلی سۆفیەکی موسلمان و ئیمامی سۆفییەکان بووە لە سەدەی ( ١١ک.) ، ریبازەکەی شەریعەتی ئیسلامی رەد دەکاتەوە ، بڕوای بە دۆنای دۆن ھەیە ، لە بناغەدا کۆمەلێک دەروێش بوون حاج بەکتاش ھێنانی بوون لە سالی ( ١١٥٧ک) لە ئەنادۆل لە نیوەی سەدەی ( ١٢) جیگیر بوون لە ( کرمشەھر) ( ئەدموندز لا٢٣٩)، دامەزرینەری بزوتنەوەی بەکتاشی بوو ، ریبازی بەکتاشی لە ئەنادۆل پەرەی پیداوە لە سەدەی حەوتی کۆچی پاشان لە ئەلبانیا ( ویکپیدیا)، حاج بەکتاش بە باوکی روحی ریبازی بەکتاشی دادەنریت و خۆی موریدی ( بابا ئیسحاق )بووە کە ھەندێ جار ناوی دەبەن بە ( بابا ئەلیاس) ( سالەح لا،) ، بابا ئیسحاق دەرویشیکی خوا پەرست خەڵکی ئۆرفە بووە ( ١٢٣٨- ١٢٤٠ز.)، لە ئەشکەوتیکدا لە نزیک ئەماسیا چووتە خەڵوەتەوە، داوای پیغەمبەری کردووە ، گەلێ لایەنی تورکمان لە دەوری کۆبوونەتەوە ، ئەویش بە شۆرشکردن ھانی داون، کە بە خیرایی بڵاوبووتەوە ، کەیخەسرەوی دووەم بە زەبرو زەنگ دایمرکاندووە ( ھەمان سەرچاوەی پیشوو )، ئیبراھیم داقوقی دەڵیت: بابا ئیسحاق لەگەل ھاوڕاکانی شۆرشیان بەر پاکرد دژ بە سەلجوقیەکان کە لە ساڵی ١٢٤٠ز.دا گرتیان و لە سیدارەیان دا ، پاشان حاج بەکتاش بوو بە سەرۆکیان واتە سەرۆکی باباییەکان، ئەوانەی لە کۆمەڵکوژی رزگاریان بوو پاش نەمانی بابائیسحاق چوونە ریزی بزوتنەوەکەی حاج بەکتاشەوە کە پەیوەندی باشی ھەبوو لەگەل دەسەلاتی عوسمانی ( داقوقی لا٢٧٢)،.لە دروست بوونی دەولەتی عوسمانی حاج بەکتاش وەلی بەر پرسی پیکھاتەی (ئە ھیلیک) بوو، کە لە زۆربەی شەرەکان و فتوحاتی ئیسلامیدا لەگەل خۆیاندا دەیانبرد ( ویکپیدیا – الموسوعە الحرە )، ھەروەھا لە بنکە سەربازییەکاندا رینمایکەریک لە قوتابیەکانی حاج بەکتاش ھەبوو بە پێی فەرمانی سولتانی عوسمانی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سەربازەکان ( ھەمان سەرچاوە ).
ھەندێ سەرچاوە دەرکەوتنی حاج بەکتاش وەلی بۆ سەدەی ( ١٦ز) ی دەگەرێننەوە، کە یەکێک بووە لە پیاوە ئایینیەکانی سۆفیگەری لە شاری نیسابور لە خۆراسان ( د. م. ڕ .لا٣٧).بەڵام لە لایەکی کەوە دەیگەرێننەوە بۆ سەدەی ( ١٣ز) ی کە لە خۆراسان دەرکەوتووە وەک کەسایەتیەکی سۆفی ئینجا چووە بۆ ئەنادۆڵ ( سیف ٢٢ نیت)، حاج بەکتاش وەلی بە پێی راسپاردەی مورشیدو رینمایەکەری (ئەحمەد بسەوی لە خۆراسانەوە ڕوو دەکاتە خاکی تورکستان ،( ولایەتنامەلا٣٢). بە پێی ڕاپورتیکی ماموستا عەلی یوسف کاکەیی کە سەردانی ناو بەکتاشیەکانی کردبوو لە تورکیادا، دەڵیت: حاج بەکتاش وەلی لە دەست زوڵمی سەلجوقیەکان چووە بۆ ئەنادۆڵ، چونکە بەشداری لە بزوتنەوەی باباییەکان کردبوو دژ بە سەلجۆقییەکان، ( ویکپیدیا )، ئەم ڕایش لەگەل ئەوی داقوقی یەک دەگرنەوە کە حاج بەکتاش بووە بە جیگری بابا ئیسحاق پاش دامرکاندنی شۆرشەکەی دژ بە سەلجوقیەکان، پاش خۆ شاردنەوە ی لە چەند ساڵیکدا لە دیی ( کارایۆل) دەردەکەویت لە ( سولجا کارایۆل ) کە خیڵی چینییەکان لەوی دەژیان، ھەرچەند خۆی لە وان نەبوو ، بەڵام لە یەکیک لە حەوت خیلەکە گرتیان بەخۆوە کە لە لایەن کادینجک ئەنا و پیاوەکەی ئیدریس ( ویکپیدیا ). لە خۆراسانەوە لەریگای چوونی بۆ ئەنادۆڵ دەچیتەشاری نەجەف ، چل ڕۆژ دەمینیتەوە و پاشان لەویوە دەچیتە مەکە سێ سال َدەمینیتەوە ، لە مەکەوە دەچیتە شام و حەلەب ئینجا ڕوودەکاتە ئەنادۆڵ ( ولایەتنامەلا٣٢)، لە ئەنادۆڵ حاج بەکتاش وەلی دەچیتە نێو خێلی ( باجیان ڕۆم)، سەرکردەیان ئافرەتیک بووە بە ناوی (عەھدە خاتون= نەنە خاتون )لە (سولجە قەرایوک)دەبێتە میوانی ماموستائیدریس و ماموستا کادنجیق ئەنا کە ھەردوکیان موریدی دڵسۆزی بوونە.( ولایەتنامە لا٣٢). حاج بەکتاش وەلی لەو کاتەی دەگاتە ئەنادۆڵ تەمەنی چل ساڵان دەبێت، ڕینمایکەرەکەی ئەحمەد بسوی موژدەی دەسەڵاتی ئایینی دەداتێ لە ئەنادۆڵ بۆ ماوەی چل ساڵ (ولایەتنامەلا٣٩).
حاج بەکتاش چوونی بۆ نەجەف و کوفە بۆ خوێندنی فقە بووە، پاشان چوەتە ئەنادۆل ڕۆڵی گەورەی ھەبووە لە بڵاو بوونەوەی ڕیبازی بەکتاشیە( داقوقی لا٢٨٦)، لە ئەنادۆڵدا لە ئەماسیە جیکیر بووە، بوە بە جێگرەوەی شیخیکی بابائی بە ناوی بابا ئیسحاق ، پاش مردنی بابا ئیسحاق بووە بە سەرۆکیان تالە (سولوجا ھویوک) مردووە لە ساڵی (١٢٧٠ز، ( داقوقی لا ٣٩). پاش مردنی حاج بەکتاشیش بالم سولتان بووە بە جیگری ( ٩٢٢ک/ ١٥١٦ز.) ( ھەمان سەرچاوە ). وا پێ دەچیت تورکمان بێت کەوا بە ئاسانی ریبازەکەی بڵاو بوتووە لە نێو خێڵە تورکمانەکانی لە سەردەمی سەلجوقیەکاندا ( سیف ٢٢ نیت )، حاج بەکتاش وەلی سەرپەرشتی پیکھاتەی ( برایان – الاخوە ) ی کردووە کە گروپیکی سۆفی چەکدار بوونە لە ناو خیڵە تورکمانەکانی ئەنادۆڵ ، گوایە سەر بە بڕوای ( فتوەی ئیسلامی ) بە ناوبانگ بوون (ویکپیدیا )، حاج بەکتاش ڕۆڵیکی باڵای ھەبووە لە موسلمان بوونی خاج پەرستان لە سەردەمی عوسمانییەکان وەک کەسایەتییەکی پیرۆز بووە لای ئەوان و موسلمانەکان، لەگەل موسلمانەکان زیارەتی مەرقەدی حاج بەکتاشیان کردووە بۆ حەج کردن و تەبەرکیان کردووە ( ھەمان سەرچاوەی پێشوو ). حاج بەکتاش وەلی لە ژیاندا ھاوسەر گیری نەکردووە ،ھەر چەندی دەڵین نەوەی حاج بەکتاش دوو گروپن (باباکان و دەدەکان ) و ( چەلەبیەکان )، گروپی چەلەبیەکان بڕوایان وایە گوایە حاج بەکتاش ھاوسەرگیری کردووە لەگەل ( کادینجک ئەنا) کچی ( شیخ ئەوحەدەدین کرمانی ) کە ئەمەیان دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە حاج بەکتاش وەک کچی خۆی زانیوە لە ڕیی ئایینیەوە کە یارمەتیدەری بووە ، کادینجیک ئەنا ھاوسەری (ئاھی ئەوران ) بووە کە شەھید بووە ، پاشان رووی کردووتە ( سولجا کارایەک) لەوی بوەتە یارمەتیدەری ئایینی حاج بەکتاش (ولایەتنامەلا٣٢)، ھەندیک وا دەبینن کە حاج بەکتاش فاتیمە نورییەی کچی خواجە ئیدریس و کادینجیک ئەنای کردووە بە ھاوسەر و کوڕیکی لێ بووە بە ناوی سەید عەلی سولتان ( خزر لالە یان تەیمور تاس ) کە بوەتە جیگرەوەی لە پاش خۆی، (ویکپیدیا)، ئەفسانەیەک باس دەکرێت کە ڕۆژیکیان کەسێک لە موریدانی حاج بەکتاش قوربانی دەکات ن حاج بەکتاش بە خاتو( کادینجک ئەنا) دەڵیت ئاوی قوربانیەکە لە دوور برێژن ، بەڵام خاتو کادینجک ئەنا ئاوی قوربانیەکە بە پیرۆز دەزانیت نایریژێت ، دەیباتەوە ماڵەوە و لێی دەخواتەوە تا تەواو دەبیت ، حاج بەکتاش بەو بارە دەزانیت ، موژدە دەداتە خاتو کادینجک ئەنا کە دوو کوڕی دەبێت (دیارە ھاوشیوەی موعجزەی لە دایک بوونی مەسیح ) ئەو دوو کورەتا ھەفتا ساڵ ھەر لە حەوت سالیەوە دەبنە ڕابەری ئایینی ، نەوەی ئەو دوو کورە بەردەوام دەبن لە ڕابەرایەتی ریبازی بەکتاشییە( ولایەتنامەلا٣٣)، بەڵام خواجە ئیدریس لە کادینجیک ئەنا دوو کوڕی بووە ( ویکپیدیا )، بە پێی ئەم ئەفسانەیە دوو گروپ پەیدا دەبن (باباکان و دەدەکان) و چەلەبیەکان لەنەوەی ئەو دوو کورەی کادینجیک ئەنا. بالم سولتان و قەلەندەر چەلەبی دەبنە جیگرەوەی تەکییەی حاج بەکتاش ( ویکپیدیا ).
قایم بوون و بتەوبوونی جیگە وپێگەی بەکتاشییەکان و شیعە لە نێو ئەو گۆچەرانە (واتە ئەوانەی روویان کردووتە ئەنادۆڵ ) وردە وردە ڕیبازی شیعە و ڕیبازەکانی ھاوبیری شیعەی ھاندان ( وریا بداغی لا١٢٧)، بزوتنەوەی بەکتاشی لە تورکیای عوسمانی کە سەری ھەڵداوە ، دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی پێشتر، کە بناغەی ھەبووە لەو ناوچەیە وەک ھاوبیر، کە حروفییە و ئیسماعیلییەکان و بەکتاشییەکان بە نھێنی لە ژیر باڵی ( ئەخییە = برایی) بوون، ( عەزاوی ١٩)، لە ئازربایجان و خۆراسان ، شاعیری گەورەیان لێ چەیدابوو، پاشان ئەوانە چوونە سەر بەکتاشییە ( ھەمان سەرچاوە )، قزلباشەکان لە ڕۆژھەڵاتی ئاسیای بچوک و کوردستان و عەلی ئیلاھییەکان لە وڵاتی فارس ھاوڕیکن لەگەل بەکتاشییەکان لە بیرو باوەڕ ( عەزاوی لا٣٧)، لە سەردەمی عوسمانییەکان ، بەکتاشییەکان وەک گەورەترین ڕیباز خۆی دەنواند ، سەرەڕای ئەو ڕیبازانەش کە ھەبوون ھاوشێوەی بەکتاشی وەک ( دەدەکان ، باباکان، حەیدەری، قەلەندەری، حروفییە، مولولیک، مەولانا، لەگەل ڕیبازی قادری و نەقشبەندی….تاد ، زۆر بڵاوبو بووەوە لە نێو وڵاتدا و سنوریشی بەزاندبوو بۆ ئەلبانیا، کاجاغستان، مەجەرستان ، میسر و بەلقان و دەشتەکانی ئەرنائۆڵدی ئەلبانیا ( ئیڤانۆڤ لا١١)، لە لایەکی کەوە ھاتووە کە بەر بڵاوبووە لە یۆنان ، ئێران ، تورکیا، عیراق، شام، چین، ئەمەریکا و ولاتانی¬تر، یۆنان دانی پییان ناوە بەفەرمی بە ڵام لە مەقدۆنیا و کوسوڤو بەرەنگاریان دەبنەوە، سەرە ڕای ئەوەی یەکیتی ئەوروپا دانی پییان ناوە ( ویکپیدیا ).
ھەر لە سەردەمی عوسمانییەکان سولتان سەلیم لە ساڵی ٩٠٣ک.دا تەکیەیەک لە دیمەشق بونیاد دەنیت بۆ بەکتاشییەکان دوای ئەوەی حروفییە و بەکتاشییە یەک دەگرن، ھەرچەند خۆیان بە ئەھلی سوننەت و جەماعەت دەزانی بەڵام کارو رفتاریان بە بیچەوانەی ئەم مەزھەبە بوو، زورتر وەک غەلاتی شیعە بوون ( سەلتانی لا١٢٧).
بەکتاشییەکان بوونە شیعەی ئال بەیت و سەرپەرشتی سوپای دەولەتی عوسمانی سوننەیان دەکرد ،جۆرە بادان و گۆرانی و موسیقایەکی کولتووریان پەرەپی دابوو، بەرزگرتنی ریزی ھەلاج و جەلال دین رۆمی یان لابوو ،بایەخیان نەدەدا بە فقھی جەعفەری ( رەسیف ٢٢ نیت ). زۆریک لە خاج پەرستان بوون بە ئیسلام لە ڕیگای ڕیبازەکەیانەوە، ھەروەھا ( جوەدۆنمەکان ) کە چوونە ریزی ئیسلامەوە ، بە ئاشکرا و نھینی ئایینی خۆیان پاراست ، کە چوونە ریزی ڕیبازی بەکتاشییەوە ( ھەمان سەرچاوە ).بەکتاشییەکان پابەند بوون بە فقھی سوننەی حەنەفی لە دەولەتی عوسمانیدا، بۆیە ڕای وا ھەبوو کە دابەشن لە نێوان ئەھلی سوننە یان وەک بەشیک لە جیھانی شیعەگەرایی ( ویکپیدیا ).
بەکتاشییەکان بەرگیان عابایەکی سپی وکڵاویکی ڕەش چەند گۆشە، تەرک و شیخەکانیان مێزەریکی کەسک ( سەوز ) دەبەستن ( سەلتانی لا١٢٨). پاش پەیوەندی فەرھەنگی تورکیا بە ئەوروپاوە، خانەقاکانیان داخران کە کاریگەریەکی بەر چاوی نەکرد لە باقی وڵاتانی ئیسلامیدا ( سولتانی لا١٣١)، ئەورۆ بەکتاشییەکان بە پلەی یەکەم لە تورکیا و ئەلبانیا ھەن ، ژمارەیان زیاتر لە چارەکە ملیۆنیک لە ئەلبانیادا پییان ناوتریت عەلەوی ، سەنتەرەکەیان چوە تە ئەلبانیا لە تیرانادایە ، پاش ئەوەی کۆماری تورکیا قەدەغەی کردن ، ھەرچەند لەویش توشی چەوساندنەوە و گوشار بوون بە دەستی شیوعییەکان ، بەڵام ئەساواری تەکیەکانیان لە قاھیرەو بەغدا و زۆر وڵاتانی عەرەبی بەر لە بیرچوون کەوتوون (رەسیف ٢٢ نیت )، کە چی بەکتاشییەکان لە داقوق دوو تەکیەیان ھەیە بە ناوی ( ئەشاغی تەکییە) و ( دەدە جەعفەر تەکیەسی ) کە ژمارەیەک لە تورکی ئازەری و شیعە توندڕەوەکان تیایدا کۆ دەبنەوە و کتێبی حروفییە و بەکتاشییە و ھی تر دەخوێننەوە ( گ.ک.ز. ع.د. ک.ب٢ لا٤٤٥)، ژمارەی بەکتاشییەکان لە نێوان (ی ٧- ١١) ملیون دەبن لە کورد و تورکمان، وەک رێگایەکی سۆفیگەری باتنی بڕوای دۆنای دۆن بوونی نییە لایان( ویکپیدیا). عەلەوییە کوردەکان لە سەدا سیی عەلەوییەکان بوون لە تورکیاو شارەکانی ناوەڕاست و باشور دەژین لە ڕۆژ ھەڵاتی ئەنادۆڵ کە ئەمانەن (بینگول، ئەرزنجان ، سیواس، یوزغات، بلازیغ ، مەلاتیا ، قەھرەمان ، مەرعش ، قەیسەری، تشوردم) زۆربەیان لە دەرسیم (تونجەلی) کۆبوونەتەوە کە بە زمانی کرمانجی زازایی ئاخاوتن دەکەن ، لە سەدا چلیان بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری خەریکن (داقوقی لا٢٨٥).
عەلەوییەکان خۆیان لە کۆمەڵگای موسلمانی جیھان جیا ناکەنەوە ، بەڵکو خۆیان بە موسڵمانی ڕەسەن و ڕاستەقینە دەزانن، ئەویش بە شێوەی خۆیان، خۆیان نە بە شیعە نەبە سوننە دەزانن ( فەلەکە دین کاکەیی لا١٦٥)، لە تورکیا نزیکەی ( ٢٥ ملیۆن) دەژمێردرین ، سێ یەکیان کوردی عەلەوین بەتایبەت زازاکان ( دیملی)، دوو لە سەر سێ یان تورکن ( ھەمان سەرچاوە )، ژمارەی عەلەوییەکان کە خاوەن جەم و جەمخانەن لە تورکیا، پرۆفیسۆر عزەدین دۆغان کە کەسایە تییەکی بەر چاویانە و ریزی لێ دەنێن، ژمارەی عەلەوییەکان بە ( ٢٥ ملیۆن ) ھەژمار کردووە لە میدیاکاندا ، وەک داواکاریەک بۆ مافی عەلەوییەکان.( رۆژنامەی خەبات ژ. ٢٠٢١لە ٢٠٠٦ز.)
عەلەوییەکان ( بەکتاشییەکان ) روحی لێبوردەیی و قبوڵکردنی ھەر رەگەز و ئاین و ھەر زمانێکی کەیان ھەیە ، ھەموو ئایینە پیرۆزەکان بە ھەق دەزانن ، ریز لە پەیامبەران و پەیامەکەیان دەگرن، خۆیان بە گەورەتر و زیاتر نازانن لەگەل توندو تیژی نین ، یەکتا پەرست و خاکەڕان ( ھەمان سەرچاوە لا١٦٧). عەلەویزم وەک ڕیبازیکی ئیسلامییە، لە رووی کولتوورییەوە سیمای ڕەگەزە ھەرە کۆنەکانی تورکی پاراستووە کە بەر لە ئیسلام ھەبوونە، ھەر وەک لە ناو کوردیشدا بەو ڕەنگ وشیوەیە ھەندێ ڕەگەزی میترایی و زەردەشتی لە ناو خۆیدا جێ پڕ کردووتەوە( ھەمان سەرچاوە لا١٦٩). بەکتاشییەکان لە ئەنقەرە (٤٣) جەمخانەیان ھەیە، مەراسیمی ئاینیان تیادا ئەنجام دەدەن، بە تایبەت پاش ساڵی (٢٠٠٢ز.) بە ئازادانە، کولیجی غازی کە لە ساڵی ١٩٨٧ز. دامەزراوە لە ئەنقەرە تایبەتە بە خۆیندن و لێکۆلینەوە لە ریبازی عەلەوی بەکتاشی، ھەروەھا چوار کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاسمانیان ھەیە بە ناوی ( یۆل ت.ڤ. جەم ت. ڤ. سو ت.ڤ. بارش ت. ڤ.)( راپورتی م. عەلی یوسف).
موعجزات و کەراماتی حاج بەکتاش وەلی
حاج بەکتاش کۆمەڵیک موعجزات و کەراماتی پیشان ماموستا و لایەنگرانی خۆی داوە لەو سەردەمانەی لە ژیاندا بووە ، پەرەی داوە بە ڕیبازی بەکتاشی لە ئەنادۆڵ و دەوروبەری بە ھۆی ئەو موعجزات و کەراماتانەوە و لایەنگرانی زۆر بوونەتەوە، زیاتر پابەند بوونە بە بڕواو ڕیوڕەسمەکانی بەکتاشی، ھەندیک لەو موعجزات و کەراماتانەی لێرەدا دەھێنینەوە کە لە کتێبی ولایەتنامە دا ھاتووە لەوانە :-
١) ئەو کاتەی حاج بەکتاش لای ماموستاکەی خەلیفە ی( ئەحمەد بسەوی ) بە ناوی ( لوقمان برندە ) دەبێت ، جاریکیان داوای ئاوی لێ دەکات کە بۆی بھێنی دەست نویژ وەربگرێت ، حاج بەکتاش پێی دەڵیت: ئەگەر لە نێو قوتابخانەکەدا سەرچاوەیەکی ئاو ھەبێت باشتر نییە، ماموستاکەی لە وڵامدا دەڵیت: ئەوە لە توانای مندا نییە ، ئەگەر تۆ بتوانیت ئەو کارە ئەنجام بدەیت . لەو ساتەدا حاج بەکتاش دەستەکانی دەگوشێ و دوعادەکات ، لوقمان برندەش ئامین دەکات ، لە ئەنجامدا لە نێو قوتابخانەکەدا کانی ئاوێ دەتەقیتەوە ، شیخ لوقمان برندە بەم کارە بە حاج بەکتاش دەڵیت: ( یا ھونکار = یاخاوەندکاری فارسی) بە مانای (حوکم ڕان ، پادشا، سولتان ، بیگ ) ، پاش ئەوە ناز نازی ھونکار بە حاج بەکتاش دەگوتریت ( ولایەتنامە لا٣٠).
٢) لوقمان برندە بە دوای کاریکدا لە شار دەردەچێت ، پاشان کە دەگەرێتەوە ، دەبینێ حاج بەکتاش دوو نورانی لای ڕاست و چەپی دانیشتوون و گفتوگۆدەکەن ، لەگەل چوونە ژورەوە ی لوقمان لە چاو بزر دەبن ، حاج بەکتاش بە ماموستاکەی دەلێت: ئەوی لای ڕاست پیغەمبەر بوو و ئەوی لای چەپ ئیمامی عەلی بوو ، یەکەمیان زانستی زاھیری و ئەوی تریان زانستی باتنیان فێر دەکردم ، لوقمان بەوە زۆر دڵ خۆش دەبێت ( ولایەتنامەلا٣١).
٣) دوو منداڵ دەبیتە شەریان ، یەکیکیان ھی مەغولەکان دەبێت ئەوی تریان ھی شارەکە، ئەوی شارەکە لە منداڵە مەغولەکە دەدا و دەمرێ ، ئەوانیش منداڵە مردوەکە لەگەل ئەوی تر دەھێنن بۆلای حاج بەکتاش شکایەت دەکەن، حاج بەکتاش ھێوریان دەکاتەوە، منداڵە مردووکە پەردەیەک دەدا بە سەریا و دوعا دەکات، منداڵەکە زیندو دەبیتەوە و ھەردوو لایان ئاشت دەکاتەوە، مەغولەکان بەمە سەر سام دەبن، و ریزو حورمەتی زیاد لە حاج بەکتاش دەگرن، و ھەلسوکەوتیان لەگەل دانیشتوانی شارەکە دەگۆرێت.
٤) حاج بەکتاش وەلی رۆژیک میوانی ماڵێک دەبی ئەم ماڵە منداڵیان نابێ ، داوا لە حاج بەکتاش دەکەن کە دوعایان بۆ بکات بەڵکە خودا دوعای قبوڵ بکات، لەو کاتە دەست دەداتە سیوێک نیوەی دەخوات و نیوەی تری دەداتە ئافرەتەکە، ھەڵدەستێ دەروات ، دوای ساڵیک جاریکی تر ریی بەو ماڵە دەکەویت ، ماڵەکە مندالیان نەبووە ، پیاوی مالەکە دەڵیتە ھاوسەرەکەی بەردیک لەناو بیشکەکە دابنی و بڵین منداڵیان بووە تا حاج بەکتاش شەرمەزار نەبێ ،حاج بەکتاش داوای بینینی منداڵەکەیان دەکات ، ئەوی کردویانە بە بیشکەکەوە دەھیننە پیش حاج بەکتاش حاج بەکتاش سەری بیشکەکە لادەدات دەبینی کوریکی جوانیان بووە ( راپورتی م. عەلی یوسف ).
٥) حاج بەکتاش وەلی ڕۆژی مردنی خۆی ئاشکار دەکات ، بە یەکێک لە لایەنگرانی بە ناوی ( ساری ئیسماعیل ) دەڵیت: من دەرۆم بۆ دیداری ھەق ، ئەمرۆ پینج شەممەیەخۆتان ئامادە بکەن، سوار ئەسپێکی نیقابدار دێت یاسینی من دەخوێنی و پاشان جەنازەکەی من دەبات ، ھیچ لەگەلی گفتوگۆ مەکەن، پاش ئەوە خیرو خیرات بکەن و دابەشی بکەنەوە ، کە ئەو سوارە ھات و تەرمەکەی حاج بەکتاشی برد ئیسماعیل خۆی پێ ڕانەگیرا ، نقابەکەی لە سەر دەم وچاوی لادا، بینی ھەر حاج بەکتاش خۆیەتی، ئەوجا پەشیمان بوەوە و داوای لێبوردنی کرد ، پاشان سوارەکە ھەندێ دەروات و غەیب دەبیت. ( ولایەتنامەلا١٣٠) (بە پێی ئەم بۆچوونە دەبیت تەرمی حاج بەکتاش لەوی نەبێ کە بە زیارەتگای حاج بەکتاش دایدەنین )، ھەمان ڕوایەت گوێم لیبووە لە چەند کەسانیکی سوننە و غەیر ئەوانیش دەربارەی ئیمامی عەلی ( ر.خ.) ھەیە، کە باوەریان وایە ئیمامی عەلی دوای مردنیشی بە لەشی خۆی زیندوو بوەوە ( سولتانی لا١٣٠).
مردنی حاج بەکتاش وەلی
حاج بەکتاش لە ساڵی ( ٦٦٩ک/ ١٢٧٠ز.) کۆچی دوایی کردووە ،( ولایەتنامە لا٣٤) ،گۆرەکەی لە شاری ( قەیسەریە قرایوک) و مەزارەکەی لە شاری ( حاج بەکتاشە) کە سەر بە شاری (نوشەھرە)، مەزاری حاج بەکتاش لە ساڵی ١٨٥٢ز (موراد کوری عەبداللە ) دروستی کردووە ،پاشان ئەو ئا رامگەیە ( سولتان بایەزیدی عوسمانی ) باپیرەی گرنگی تایبەتی داوە بە حاج بەکتاش ، ئەویش دریژەی داوە بەو گرنگییە و کومبەتی لە سەردروستکردووە و چاکسازی تیدادەکات .
ھەموساڵیک یادی دەکەنەوە لە (١٦ – ١٨) مانگی ئابدا، لە ماوەی سێ ڕۆژ جەژن دەکەن بە ناوی جەژنی ( بەکتاش وەلی ) ، سێ ڕۆژ ڕۆژوو دەگرن لە مانگی شوبات پێی دەڵین ڕۆژووی ( خدر ئەلیاس) کە فریاد ڕەسە ( داقوقی).
ئەساوار ە بە جێ ماوەکانی حاج بەکتاش
پاش بڵاوبوونەوەی حروفییە لە وڵاتی فارس و تورکیا و دەروێشە بەکتاشییەکان بوون بە ڕابەریان ، لە بەر ئەوەی دەنگ و باسیان و کتیبە پیرۆزەکانیان بە زمانی تورکی نوسرابوون ( ویکپیدیا)، و حاج بەکتاش وەلی کۆمەلێک ئاساواری بەجێ ماوە کە لە لایەنگران و ھەوادارانی پیرۆز ڕاگیراوە و پابەندی ڕینماییەکانین ، لەوانە :-
١) ولایەتنامە :- کتیبی پیرۆزی عەلەوییە بەکتاشییەکانە، کە راڤەی مەقامات و مەرتبی باتنی حەزرەتی حاج بەکتاش وەلی دەکات، کە بە گیرانەوەی عارف وسادات کراوە، گرنگترین وپیرۆزترین کتابە بە زمانی فارسی بۆ زمانی کوردی وەرگیردراوە و بە چاپ و بڵاوکردنەوە گەیەندراوە . (ولایەتنامە لا٧).
٢) کتیبی فەوائید :- لە ساڵی ١٩٢٢ز. کۆپرلو ئاماژەی پێ داوە کە بە زمانی فارسی لە کتیبخانەی زانکۆی ئیستانبول پاریزراوە ، ئەم کتیبە خۆی دایرشتووە و پەیوەندی بە خۆیەوە ھەیە.
٣) مەقالات :- دیاریترین و رەواجترین بە جێ ماوی حاج بەکتاش وەلییە کە بە زمانی عەرەبی دایرشتووە ، پەیوەندی بە سۆفیگەرییەوە ھەیە.
٤) – راڤەی ( شەرح) بسم اللە :- ئەم کتیبە بە ناوی لیکدانەوەی بسم اللە یە لەگەل مەقالاتی حاج بەکتاشلە کتیبخانەی مانیساتۆمارکراوە لە لایەن ( جەعفەر بن حەسەن ) راستکراوەتەوە و لە ( ٣٩) بەرگدایە . یەکەمین ئاساواری نھێنی کلاسیکی (عەلەوی – بەکتاشی )یە لە بارەی ئایینەوە لە تورکیا بونیاد نراوە و چوەتە سەر ئەدەبیات و فولکلووری تورکییەوە .
٥) شەتەحییە :- (واتا حاڵ گرتن ) گۆلینارلی باس دەکات کە حاج بەکتاش حاڵ گرتنی ھەبووە، ئاماژەی نەکردووە لە کۆی ھەیبووە.
٦) مەقالات غەیبییە و کەلیمات عەینییە:- نووسینە ونبوەکان و وشە نمونەییەکانی ئەم ئاساوارە ی حاج بەکتاش تا ئەمرۆ بەر دەست نەکەوتوون کە بە زمانی فارسی بووە ، پاشان وەرگێراوە و بڵاوکراوەتەوە لە لایەن سەنتەری لێکۆلینەوەی حاج بەکتاش ، بنچینەی ئەم کتیبە لە مەجلسی شورای ئیسلامی ئیراندا ھەیە و یەکیکی تر لە ئیستانبول بەر چاو کەوتووە، دەربارەی سۆفیگەری و گەیشتنی مرۆڤ بە دیداری خواوەند و بارو دۆخی وەلی.
٧) ھەندێ کتیبی تر حاج بەکتاش وەک راڤەی (حەدیس ئەربەعین = قسەکانی چلانان )کە پەیوەندی بە حاج بەکتاشەوە ھەیە، ( ئینسیاع و وەسایا = گوی راکرتن و رینماییەکان ) لە کتیبخانەی گشتی شەھرستان حاج بەکتاش بە ژمارەی (٩) دا ھەیە)(عەقائیدی تەریقەت =برواکانی ریباز) ئەمەشیان پەیوەندی بە حاج بەکتاشەوە ھەیە لە کتیبخانەی (زم ئۆغلو ) لە ژیر ژمارەی (١٠) پاریزراوە .
٨) گرنگترین کتیبە پیرۆزەکان کە بە عەرەبی و فارسی نووسراوەتەوەکتیبی (مەوجودات =ھەبوونەکان )، ولایەتنامە )، بەیروق = فەرمایشت)، کە لە نووسینی شیخ سەفی الدین ئەردەبیلییە باوکی ئیسماعیل سەفەوی، و کتیبی قەمری کە نھێنی بە کاریان دەھێنن.
ڕێو ڕەسم و بیرو باوەڕی بەکتاشییەکان
بەکتاشییەکان ھاوشیوەی ڕیبازو ئایینە باتنییەکانی دی کە چوونەتە ژیر باری سۆفیگەری ئیسلامییەوە ، کە لە ناخدا زیندوکردنەوەی کولتووری دێرینە بە موتربە و تێھەڵکیش لە بیرو باوەڕو ڕیوڕەسمیشدالیک دەچن یان زۆر نزیکن لێکەوە، واتا لە بناغەی بیروباوەری بنچینەی یەکن ،ئەگەر لێک دوور بن و دابڕاو بن لە بواری ناوچەیی جوگرافییەوە، کە ھەموویان عوسمانییەکانی ناوی عەلەوییان بەسەردا سەپاندووە.
عەلەوییەکان وەک (م.ف. گرینارد)کە لە رەگ و ریشەی ئاینی عەلەوی دەگەری دەلێت : بنچینەی ڕیبازیکی ئایینی فەلسەفییە کە لە سەدەی سیێەم پەیدا بووە بە ناوی مانیزم و لە ئەنجامدا تووشی شێواندن بووە بە تایبەت لە ژیر کاریگەری ئایینی ئیسلامدا ( میران لا٢٠٦).فەلەکەدین کاکەیی ھەمان ڕای ھەیە کە دەڵیت: عەلەویزم لە ڕووی کولتووریەوە سیما و ڕەگەزە ھەرە کۆنەکانی تورکی پاراستووە ( کە بەر لە ئیسلام ھەبوون )ھەر وەکو لە ناو کوردیشدا بەو ڕەنگ و شێوەیە ھەندێ ڕەگەزی کولتووری میترایی و زەردەشتی لە ناو خۆیدا جیگیرکردووتەوە (کاکەیی لا١٦٩).عەلەوییەکان دەچنەوە سەر کۆمەڵە بیریکی زەردەشتی یان بۆ سەر بنچینەی ئاینی ئێرانی کۆن ( ڕۆستەم لا ) داقوقیش کە خۆی کەسیکی بەکتاشییە لە دانیشتوانی داقوق بووە دەڵیت: وەک تێکەڵاویکی تەواوە لە ڕیبازە سۆفیگەرییەکان کە لە پیشدا ھەبوون لە وانە (ئەلیسوت، ھەلاجییە، موعتەزیلە ، سۆفییە ، عەلی ئیلاھی ، ) ھەروەھا زۆر لە ڕووکەشی ڕیبازی شیعە و برواکانی ئیغوانی سەفا و بیرۆکەی ( وحدە الوجود) ، و پەرستنی شیخەکانیان تا پلەی زاتی خودایی، سەرە ڕای بروایان کە مرۆڤ ئەفریندراوی خواوەندە لە سەر زەوی ( داقوقی لا٢٧٢). بیرو باوەڕی بەکتاشی تێکەڵاوەیەکە لە نیوان شیعەی دوانگزە ئیمامی و ( غەنوسی ) کە دەڵیت خواوەند وەک مرۆڤ یان دەچیتە گیانی مرۆڤەوە و ھی تری باتنییەکان ، کە لە ڕامانی ئیسلامییەوە بروباوەریکی لادانە .( محەمەد ئیدریس ، گ. اھل البیت ژ.١٩) جامعە اھل البیت.
ڕیبازی بەکتاشی ریبازیکی سۆفیگەرییە، رابەری حاج بەکتاش وەلییە، لە سەدەی ( ٧ک.) دەرکەوتووە لە ئەنادۆڵ، زانیارییەکان و بیرو برواکانیان لە شیعەی دوانگزە ئیمام و ڕیبازی قەلەندەری و حەیدەری و لە بڕوا کۆمەڵایەتییەکان کە لە ڕیی ئایینە کۆنەکانەوە خزاونەتە نێو تورکەکان لە پیش ئیسلام وەک شامانی و مانەوی ( ویکپیدیا).
ڕیبازی بەکتاشی کاریگەری ڤیساغۆرسی لە سەر بووە ، کە گواستراوەتەوە بۆ کتیبی جاویدانی فەزل اللە ی حروفی، ھەروەھا حاج بەکتاشیش ئەفلاتونی نویی وەرگرتووە لە گەل تەسەوفی دوانگزە ئیمام ( ویکپیدیا ).
لەم بۆچوونانەی سەرەوە دەر دەکەوێت بەکتاشییەکان و عەلەوییەکان بەگشت گروپ و ریبازەکانیانەوە ھەر چەندە چوونەتە ژیر چەتری تەسەوفی ئیسلامییەوە و ڕوخساری عەلەوی شیعەگەراییان بە دیار خستووە ، حاج بەکتاش پەرەی پیداوە بە شیوەیەک ببیتە ریبازی سۆفیگەری سونی ئەگەر ھەندی شیعەگەرایشی پیدا بە دی دەکریت. بەڵام لە بناغەدا، گەرانەوەیە بۆ سەر کولتووری دێرین ( واتە پیش ئیسلام )، لە میترایی و زەردەشتی و مانەوی و شامانی کە موتوربە کراون بە ھەندی بیرو بۆچوون و ڕیی وڕەسمی ئایینی ئیسلامی لە ژیرباری تەسەوفی ئیسلامیدا.
بەکتاشییەکان کۆبونەوەیەکیان ھەیە خواردن دابەش دەکەن ، ھەر وەک عیشای شامی خودایی لای دەرویشەکان ،بڕوایەکی سییانەییان ھەیە وەک (خودا ، محەمەد، عەلی )لە سینەی خاج پەرستان دەچێت ،بۆیە ھەندێ بڕوا وایە کە پێشتر نەسرانی بوبن ، ھەر بۆیەش بە ئاسانی بەکتاشیا ن قبول کرد ( د.م.ڕ ب٤ لا٣٧)، شەراب و مەی خواردن لای عەلەوییەکان گەلێ باوە، بە گویرەی زانیارییەکان مەی خواردن بە لایانەوە کاریکی پیرۆزە، بگرە سەریمونییایەکی ئایینی ئەنجام دەدەن و لەو کاتەشدا ھەر دەخۆنەوە ( میران لا٢١٥). حاج بەکتاش وەلی دژی مەی خواردن بوو، چونکە دەبیتە ھۆی ئەوەی بیرو بۆچوون لە دەست دەدات و رووداوی نەشیاوی لی دەکەویتەوە ( ویکپیدیا )، ھەر وەھا دەلین شەراب حەرام نییە ، تورکە شامانییەکان شەرابی ( قەمبیزیان )دەخوارد کە لە شیری ئەسپ دروستیان دەکرد لە بۆنە ئایینەکان و جەژنەکانیان ( داقوقی لا٢٩٤). شامانی ئایینی یەک تا پەرستی یە ، کە خواوەندی تاک و تەنھا لە ڕۆژھەڵاتدایە جیگای لە ڕۆژھەڵاتنە و دەروانیتە جیھان لەنێو خۆرەوە ، بۆ دابەشکردنی خێر و بەرەکەت و ئاشتی لە سەر مرۆڤایەتی ، بۆیە شامانییەکان ڕوو لە ڕۆژ دەکەن بۆ نوێژکردن لە کاتی ھەڵاتن، کە شامان بە واتای پیاوی ئایینی بە زمانی مەغۆلی ( داقوقی لا٤٠). جەم بەستنی چل سەحابە بە چاودیری سەلمان فارسی ، یەکەم شەرابی بۆیان دروست کرد لە دەنکە ( ترێ ) یەک لە ناو دەفریکی نورانی و ھەموو خواردان ، ئەوجا دەستیان بە سەما کردنی بەکتاشیان کرد( داقوقی لا٢٩٤).ئەم شەرابەی سەلمان فارسی ئامادەی کردووە مەست کەرەوە نەبووە ، شەرابی پیرۆزی ئایینی بووە لە کۆبوونەوەدا .
بەڵام لە کتیبە پیرۆزەکانیان بە پیچەوانەی ئەو ڕایانەیە کە تیایاندا ھاتووە دەڵیت: ھەر کەسێ خۆی لە بادە نۆشی و لەگەل نا مەحروم بە دوور بگرێ ( بویروق لا٥٠) ، واتا شەراب خواردنەوە لە ھەر کاتیکدا بێت بۆ تاکی بەکتاشی و عەلەوی حەرامە و جۆرە لادانیکە لە ئاداب و ئەرکانی بەکتاشی و بە تاوان دەژمێردریت.
بەکتاشییەکان دان بە تاوانەکانیان دەنین و داوای لێبوردن و پاک بوونەوە دەکەن لە گوناھەکانیان کە کردوویانە (د. م. ڕ ب٤ لا٣٧) ، ئەمەیان لە کۆبوونەوە ئایینەکانیان دەبیت بە حزوری شیخەکانیان.
عەلەوییەکان مینای مەسیحییەکان گوناە پاک دەکەنەوە ، گوناھبار لە جەم داوای لێخوشبوون لە دەدە دەکات ، دەدەش پەتی پەشیمانی لە مل دەبەستێ و دەبێ سۆزی قوربانیکردن بدات ئینجا دەدە پەتەکەی بە چەقۆ دبڕی ، یان دەدە تاوانەکانی گوناھبار بە بۆییەکی تایبەت ( ئەشوب بەیاز) لە سەر کاغزیک دەنووسی و ئاگری لێ بەردەدا ( میران لا٢١٣).
جەژنی نەورۆز لە چواری نیسان دەکەن ، کۆبوونەوە لە ( ماڵی کۆبوونەوەدا ) لە بۆنەکاندا بە خویندنی شیعر و موسیقا بە ئاواز ( کە دوعا و نزایە ) بە نوێژی عەلەوی دەژمێردریت ، کۆبوونەوەی رۆشنبیری و کاروباری گروپەکە بە شێوەی ئازادی و دیموکراسی ئەنجام دەدەریت (داقوقی لا٢٨٧) مالی کۆبوونەوەکانیان لە ریزی مزگەوتە ( داقوقی لا٢٩٥).
بە بڕوای بەکتاشییەکان خواوەند ناویکی نھێنی ھەیە کە ( ھو )ە و ناویکی ئاشکراشی ھەیە کە ( الرحمان الرحیم ) ە ، ھەروەھا ھەزارو یەک ناوی ھەیە ( بوزگرت لا١١٨)، بەکتاشییەکان کۆبوونەوەی تایبەتیان ھەیە بۆ نەوەکانیان ( کوڕ و کچ ) بۆ سەر سپاردن بە پیرەکانیان کە کۆبوونەوەی عەھدو پەیمانە لە مەراسیمیکی تایبت بە خۆیان ( بوزگرت لا١٠٠).
بیروباوەڕی بەکتاشییەکان بۆ گەیشتن بە حزوری خواوەند پیکھاتووە لە چوار دەرگا کە بریتییە لە ( شەریعەت ، تەریقەت ،مەعریفەت ، ھەقیقەت و چل مەقام واتا (پلە) کە مرۆڤ دەبیت ئەو چل پلەیە ببریت تا بگاتە خواوەند( داقوقی لا٣٠٦). ئەو چوار دەرگایە لەلایەن خواوەندەوە و لە رێی پێغەمبەرەوە ڕاگەیەندراوە ( بویروق لا٧). لە کتیبی مەقالاتی حاج بەکتاش ھاتووە بروای حاج بەکتاش و بەکتاشییەکان وایە کە ئایینەکان ھەموو ڕاستن کە بریتیە لە شێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە خواوەند (ویکپیدیا ) .
ئەو شتانەی لە تاکی بەکتاشی حەرام کراون، بادە نۆشی ( شەرابی مەستکەر)، زینا، لەواتە، خۆپەرستی، درۆ، سیخوری ، سوکایەتی کردن و تورە بوون ، ئێرەیی ، توڵە سەندنەوە، لاریبوون، خیانەتی ئەمانەت، بە ڕوودا دانەوەی عەیبەی خەلک، رەزیلی، بەرزکردنەوەی نرخی شتومەک، ڕاوچێتی، جەللادی، خواردنی ماڵی ھەتیو و بەیت المال…تاد. ( بویروق لا٥٠). عەلەوییەکان روحی لێبوردەییان ھەیە بەرامبەر ئەوانی تر ( ویکپیدیا )، عەلەوییەکان گۆشتی بەراز ناخۆن ، ھەروەھا ھەموو ئاژەڵیکی سمدار بۆیان حەرامە، کەچی گۆشتی مرداریان حەڵال کردووە ، گوایە بەشیک لە عەلەوییەکان لە ناوچەی (توکات) ماسی ناخۆن لە بەر ئەوەی خوێنی یونس پیغەمبەر لە لەشیدایە ، گوشتی کەروێشک ناخۆن، ھەروەھا جوانە ئەسپ، سێو بەریکی پیرۆزە وەکو دیارییەکی گەورە پیشکەشی دەکەن بە یەکدی ( میران لا٢١٧).
کەعبەی عەلەوییەکان ( بەکتاشییەکان )، تەکیەی حاج بەکتاشە لە نزیک شارۆچکەی (گیر شەھر ) لە ناوچەی ( ئەنگور )، ھەموو ساڵیک لە ( ١٠ موحەرەم )حەج دەکەن، وەک شیعەکان ھەریسە دەکەن و دابەشی دەکەن بەخێر (میران لا٢١٥).دەوڵەمەندەکانیان ( قزلباش) بە مەبەستی حەج بۆ مەککە و کەربەلاش دەچن ( ھەمان سەرچاوە ).
عەلەوییە بەکتاشییەکان ریز لە ڕابەرەکانیان دەگرن کە سەرپەرشتی کۆبوونەوە ئایینیەکان دەکەن لە (جەمخانە = ماڵی کۆبوونەوە )، ڕابەرەکان کاری سەر سپاردن ئەنجام دەدەن بۆ لایەنگران و باوەر پێ کراوان پاش مەراسیمی قوربان کردن ، ئەو مەراسیمانە ڕابەرە ئایینیەکان لە دیھاتەکانیشدا ئەنجام دەدەن پاش درونە و کۆکردنەوەی بەربوومی کشتوکاڵ ، کە لە شەوی ھەینی پیاوە ئایینیەکان سەردانیان دەکەن و لە ماڵی کەسیک کۆدەبنەوە ، ھاوبەشەکان خواردن دەھێنن لەگەل خۆیاندا کە پێی دەڵین ( نیاز = لوقمە = پارو ) و دەدە یان پیر دابەشی دەکاتە سەر ئامادەبواندا ( داقوقی لا٢٨٩).
ئەوی ژن تەلاق بدات ، دزی بکات ، دەرھاوسێ( جیران ) ئازار بدات ، ریز لە دایک و باوک نەگرێت ، …تاد ، بۆی نییە بێتە نێو جەم و جەمخانە تا دان بە ھەڵەکانیدانەنێت و خۆی پاک نەکاتەوە لە نێو جەمدا و عوھدو پەیمان بدات دووبارەی نەکاتەوە( داقوقی لا٢٨٩).تەلاق وەک ئەرمەنییەکان باسیان کردووە لە ناو عەلەوییەکاندا نییە ، سمیڵ وریش ناتاشن و دریژیان دەکەن ،بە باوەری ئەوان ھەر داوە مویەک فریشتەیەکی ھەیە بۆیە دەستی لێنادەن ، بە پێی سەرچاوەکان ئافرەتی عەلەوی ئازادی و سەربەستی زۆری ھەیە ( میران لا٢١٦) ، نوێژکردن بە تاک یان کۆ بە دانیشتنەوە یە ، رۆژویان لە ( ٦ -١٢) ڕۆژە لە شەھید بوونی ئیمامی عەلی و حوسەین ( داقوقی لا٢٨٩).بۆ نوێژکردن دەست نوێژ ھەڵناگرن چونکە بەڕای ئەوان پاکی دڵ و دەروون گرنکترە لە پاکی لەش ، ئەمەش نابێ ئەوە بگەیەنی کە عەلەوی بایەخ بە پاکی و تەمیزی نادەن ( میران لا٢١٤) ، بۆ نوێژکردن ڕوو لە ڕۆژ( خۆر) دەکەن ( داقوقی لا٢٨٩). لە یەک ژن زیاتر ناھێنن ھەرچەندە بڕوایان بە فرە ژنی ھەیە ، عەلەوییەکان ڕۆژانە سێ نوێژ دەکەن ، بەیانی و نیوەرۆ و ئیوارە ، بەڵام خێڵی کۆچکردوو تاقە نوێژیک دەکەن ئەویش بەیانیان بەرامبەر ڕۆژ ھەڵاتن ( میران لا٢١٤). سەرەڕای ئەوەی کە مەراسیمیان لە (جەمخانە – جەم ئیوی) ئەنجام دەدەن لە شارو شاروچکەکان و دیھاتەکانیشدا ئەو ڕیوڕسمە ئەنجام دەدەن، پاش دروونە کردنەوەی بەرو بومی کشتوکاڵی، لە شەوی ھەینی پیاوە ئایینیەکان سەردانیان دەکەن و لە ماڵی کەسیک کۆدەبنەوە، ھاوبەشەکان خواردن دەھێنن لەگەل خۆیاندا کە پێی دەڵین ( نیاز یان لوقمە یان پارو )و ( دەدە یان پیر) دابەشی دەکاتە سەر ئامادەبواندا ( داقوقی لا٢٨٩).
دەڵین گوایە زۆربەی ژن ھینانیان بە رەدوکەوتن دەبێ یان ژن ھەڵگرتن بە لایانەوە کاریکی جوامێرانەیە ، ئەمەیان بێ گومان لە ڕاستییەوە دوورە ، ( میران لا٢١٦) ، لە ڕاستیەوە دوورە چونکە بە وتەی خەڵکی نەیارانەوە وتراوە ، و میران لە زاری خەڵکەوە وەری گرتووە ، شک لە وەدا نییە لە ھەر کۆمەڵگایەک شتی ناوێزە روو دەدات بەڵام مانای ئەوە نییە ھەموو کۆمەڵگا بگریتەوە ، ھەروەھا بۆچوونیکی تر ی ناماقوڵ دەربارەی گوایە ئاساییە ئەگەر ژن و پیاو ی عەلەوی پەیوەندی دڵداری و سیکسی تریان ھەبێت ، نە ھەر ئەوە بەڵکو ئەگەر ئافرەتی عەلەوی جگە لە مێردەکەی خۆی دڵداریشی نەبێت بە کەمی دەزانن و کەس ئاوی دەستی ناخواتەوە ( ھەمان سەرچاوە، ئەوی ڕاستی بێت ئەم تومەتانەبە زۆر گروپ و ڕیبازی ئایینی تر وتراوە لە لایەن نەیارانیانەوە ، کە میران باسی دەکات بەلام لە ھەمان کاتدا بە ناراست و ناماقولی دەزانیت.
بەکتاشییەکان ڕەبەنیان ھەیە ، واتا ژن ناھێنن ھاوشیوەی خاج پەرستان ، زۆربەیان لە تەکییەی ( قیزا وەلی سولتان ) دەژێن لە نزیک ( دیموتوقە) لە شاری ئەدەنە و شیخێکی گەورەیان ھەیە لە تەکییەی (پیر ئێوی = ماڵی پیر ) یان ماڵی قوتب دەژیت ، لەو جیگایەی حاج بەکتاش لە ( قیرشەھر ) و قەیسەرییە. سەرکردایەتی بەکتاشییەکان بوەتە وەرەسە لە ماوەی ( ١٥٠ ) ساڵەوە لە باوکەوە بۆ کور دەکویزریتەوە، رەبەنەکان شیخیکی گەورەیان ھەیە لە تەکییەی ( موجەرەد باباسی = باوکی رەبەنەکان )کە شیخی ھەموو تەکییەکانی بابانەکانە ، ئەو دەرویشەی لە تەکیەدا دەژیت ( موریدە )و خەڵکە گشتیەکەش لایەنگرە ، تەکیەی تریان ھەیە لە ئەنادۆڵ بە ناوی تەکییەی ( عوسمان چق)لە باکور ، یەکیکی تر لە نزیک مەرقەدی شیخ بەتال لە نزیک ئەسکی شەھر و دەلین لە میسریش ھەیانە .( ف. عادل کاکەیی ).
عەلەوییەکان ئەو تاقە دارانەیان لا پیرۆزە کە لە سەر بەرزاییەکان ھەڵچوون ، بەلایانەوە گوناھە بیانبرن یان لق و پۆپیان بشکینن ، ئەمانە پارچە پڕۆیان پیوە دەبەستن و قوربانیان بۆ دەکەن ، ئاژەڵ یان مریشکیان بۆ سەر دەبرن ، ھەر وەھا زۆر جار کۆمەڵە داریک ( چل بنەدار = قرگلبار ) دەبێ بە زیارەتگایان ، جاری واش ھەیە تەواوی دارستانیک دەبێ ، نوێژو قوربانی بۆ دەکەن و بە قسەی گرینار قزلباش ھێزەکانی سروشتی وەک مانگ و خۆر دەیپەرستن ( میران لا٢١٠). ئەمانەی میران باسی لیوە دەکات ، لە بیروباوەڕی دۆنای دۆنەوە سەر ھەڵدەدات ، کە روح پاش مردن بە پێی کارو کردەوەی دونیای تاکە کەس دەچیتە لاشەیەکی ترەوە ( نوێ بوونەوەی ژیان ) یان دەچیتە گیانی ئاژەڵ یان دارو درەخت ، کە موعجزەیەک ھەست پێ دەکەن لەو دارو درەختە پیرۆزی ڕادەگرن و بەڵکو قوربانیشی بۆ دەکەن ،ئەمەیان پیچەوانەی ئەوەیە کە دەڵین عەلەوییەکان بیروباوەڕی دۆنای دۆن لایان نییە . بۆ ڕاستی داقوقی کە خۆی بەکتاشییە دەڵیت : بڕوایان بە دۆنای دۆن ھەیە ، ( داقوقی لا٢٩٧) ، بە پێی ئەم بڕوایە دەڵین مردن واتە گواستنەوەی روح کە بە شیوەی کاتی لەم دونیایەدا لە جەستەی مرۆڤیکدا بوو، دەچیتە باریکی کەو ژیانێکی کە ( داقوقی لا٢٩٨). شەکیب ئەرسەلان کە نووسەریکی تورکە ھەر وەک داقوقی دان بە وەدا دەنیت کە بەکتاشییەکان بڕوایان بە دۆنای دۆن ھەیە(ف. عادل کاکەیی )…
بەکتاشییەکان باوەریان وایە کە ( بالم سولتان ) جیگرەوەی حاج بەکتاشە پاش مردن ،لە دایکی باکرە لە دایکبووە ، چونکە دایکی بە خواردنی ھەنگوین لە دەستی شیخ دووگیان بووە ،ھەاوشێوەی ئەفسانەی خاج پەرستان ( سولتانی لا١٢٨). بە ھۆی ئەوەی حەیدەر کوڕی ئەحمەد بسەوی بوەتە پیشەوای ریبازی بەکتاشییەکان بۆیە (حەیدەریشیان ) پێ دەڵین.
عەلەوییەکان تا بتوانن خۆیان لە دامودەزگای دەولەتی بە دوور دەگرن ، چونکە باش دەزانن لەوەی لاینی سوننەکان دەگیری ، بۆیە ھەمیشە دەدە گیرو گرفتەکانیان چارەسەر دەکات (میران لا٢١٠). بەکتاشییەکان ئەگەر مردویان شەویک لە ماڵەوە بھیڵنەوە ئەو شەوە بە خویندنی دوعاو نزا و کتیبە پیرۆزەکانیان دەەخویننەوە لەگەل ئامیری مۆسیقا ( ساز ) تا رۆژ دەبێتەوە و دەیبەن بۆ ناشتن لە قەبرستان ( داقوقی لا٣٠٠). بڕوایەکیشان ھەیە ئەگەر لوولەلوولی سەگ و ھەر ئاژەڵیکی تر لە ماڵیان یان نزیک ماڵیان بێت یان کوندە بەبو لە سەر ماڵیان بنیشیتەوە دەریان دەکەن ، چونکە مردن لە خۆیان دوور دەکەنەوە ، ھەروەھا ئەگەر ( کەڵەشێر ) بە رۆژ بانگ بدات واتە کەسیک لەو خیزانە دەمرێت بۆیە زوو سەری دەبرن ( داقوقی لا٢٩٩).
قزلباشەکان :
لە دەستەی شیعەی توندڕەوەکان ھەژمار دەکرین (شکور مستەفا لا٦١) ، کڵاو سوورەکان لایەنگری ئیمامی عەلی ( ر. خ) لە جەنگی سەفین کە ژمارەیان لە نیوان ( ٢٥٠ – ٤٠٠) ھەزار کەس دەبوو (شەرەفنامە لا١٥٥)، قزلباشەکان ھاوشێوەی بەکتاشییەکان لە نێو خیڵە تورکمانەکان بەر بڵاو بوون و رۆژگار وای لێکردوون نھێنی پاریز بن، کە شیخ حەیدەر کڵاوی سووری لە سەر ناون بە تایبەت دەرویشکانیان تا دیار و جیاواز بن ، پییان وتراوە قزلباش واتە ( کڵاو سوور یان جەمانە سوور ) دانەری ڕیبازی قزلباشەکان شیخ سەفی دین ئەردەبیلییە، باپیرەگەورەی ئیسماعیل سەفەوی لە فتوەکانن (عەزاوی لا٨٣).
قزلباشەکان ناوی زۆر خیڵن لە ئازربایجان، چونکە جەمانی سوور دەبەستنە سەرەوە لە ریزی سوپای ئیسماعیل سەفەوی بوون لە کاتی داگیر کردنی ئێران و زۆربەیان لەسەر ڕیبازی بەکتاشین (میران لا٢٠٥)، ( ئەدموندز لا٢٣٩). سەرکردە خیڵەکییەکان کە بەرگی باباکانیان لە بەر دەکرد لە ڕاستیدا بەردەوامی ڕیبازی شامانی بوون لە ئاسیای ناوەراستدا کە کۆمەڵگا مل کەچیان بوون ، بزوتنەوەی بابائی لە سەدەی حەوت دەستی پێ کرد، بزوتنەوەیەکی دژ بە زوڵم و زۆر بوو کە لە سەر کۆچەریەکانی ئەنادۆڵ دەکرا ، پاش ھەرەس ھینانیان ئەوانەی مانەوە چوونە نێو بزوتنەوەکەی حاج بەکتاشەوە، کە خۆی یەکیک بوو لە خەلیفەکانی بزوتنەوەی بابائی (مەھدی ئیدریس لا٢٦٦).
پاشماوەی مەغولەکان لە کوردستان قزلباشن لە کەرکوک ، تازە خورماتو، تاووق، خورماتو، قەرەتەپە، گوندەکانی تسعین، بەشیر، لەیلان نیشتەجێن ( میران لا٢٠٥) ، دەسەلاتدارانی عوسمانی ناوی ئەم ڕیبازو گروپانەی ناوە ( عەلەوی ) کە لە ھەموو وڵاتانی ئیسلامی لە ڕۆژھەڵات تا ڕۆژ ئاوا بەر بڵاون وەک (بەسەوی ، بەکتاشی ، مولوی ، قەلەندەری ،خەڵوەتی ، نەسیری ، قزلباش ، ئەبدالی ، بەیرەمییە ، دەدەئییە ،نەقشبەندی ، نوری ئەفغانی ،گروپی حەسەنی لە وڵاتی ڕۆژئاوا ( داقوقی).
(عەلەوی – ئەلاوی – ھەڵاوی) ووشەکە لە بنەرەتدا پەیوەندی بە ئاو وئاگرەوە ھەیە ( نەبەز لا١٦)، ئەم گروپانە ئەگەر ھەندێ جیاوازی لە داب و نەریت یان لە ڕیو ڕەسم ھەیە بە پێی ناوچەو ناوی سەرکردەکانیان بەڵام ھەموویان لە یەک سەرچاوە ئاو دەخۆنەوە ، کە بە زۆری زیندوکردنەوەی کولتووری دێرینی ناوچەکەیە لە پیش ھاتنی ئیسلام، بە شێوەی ڕیبازی سۆفیگەری لە ژیر سیبەری ئایینی ئیسلامیدا.
ھەڵمەتی شیعە کردنی عەلەوییەکان بەگشتی ، دوای نەمانی عوسمانییەکان دەستی پێ کردووە لە ساڵی ١٩٤٠ز .وە ، لە شاری تەلعەفەر ھیچ مزگەوتیک بوونی نەبووە، لە ساڵی ١٩٧٠ز .دەس کراوە بە شیعەگەرایی لە لایەن شیعەکانی عیراقەوە بە ھەموو جۆرە یارمەتیەکی ماددی و مەعنەو، تەکییەکانیان بەرەونەمان چوو و لاواز بوون، پاش رۆخانی رژیمی عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ز دا دەستیان داوەتە مەراسیمی خۆیان جاریکی تر ( راپۆرتی م. عەلی یوسف ).
گروپە بەکتاشیەکانی ئەنادۆل و وڵاتی کوردەکان ناسراون بە قزلباش لە سەر بروای بەکتاشین ( ف. عادل کاکەیی ).. قزلباشەکان وا ناسرابوون کە لە شیعە نزیکن بۆیە لە سەر دەستی عوسمانییەکان دووچاری ڕاگویزان و کۆمەڵ کوژی بوون ، قزلباشەکانیان بە ھەرەشە داناوە لە سەر دەوڵەتی عوسمانی ( شندروێ لا٢٠). حکومەتی عوسمانی لە سەردەمی سولتان سەلیم و دواتریش ، بەکتاشییەکانیان دابەش کرد ، ئەوانەی لایەنگری حکومەت بوون چالاکییەکانیان ئازاد بوو، قزلباشەکان کە بەکتاشییە بیابانییەکانی ئەنادۆڵ بوون و چووبونە ریزی سەفەوییەکانەوە و یارمەتیدەریان بوون، حکومەت بە دویان دەکەوت و سەرکردە ولایەنگرەکانیانیان دەکوشتن ، واتە جیازییەکانیان تەنھا سیاسی بووە، جیا کرانەوە لە کۆمەڵگای عوسمانی و پییان دەوترا قزلباش ( ویکپیدیا ) ، و پییان دەوترا زەندیق، رافزی، شیعی ، کافر ، یاخی بوون ، پاشانیش ناوبانگیان دەرکرد بە عەلەوی ( مەھدی ئیدریس لا٢٦٦). جگە لە لایەنگری سەفەوییەکان جورەھا بزوتنەوەو ڕاپەرینیان بەر پا کرد لەوانە ( نور عەلی خەلیفە و جەلال ، لە سەردەمی سولتان سەلیم ،و سوغلون قوجە ، شاەوەلی ، بابازەنون ،دموزئۆغلان ،بینجە بیک ،وەلی خەلیفە ، قەلەندەر چەلەبی ….تاد لە نیوان سالانی (١٩٢٧ – ١٩٢٩ز ) ( ویکپیدیا ).
قزلباشەکان بە زازای دەدوێن ، بڕوا وایە ژمارەیان ملیۆنیک بێت ، زۆربەیان لە کوردستانی تورکیا دەژێن لە شارەکانی (سیواس ، دیاربەکر ، خربوت ) قەڵای سروشتیان لە چیاکانی دەرسیمە کە لەوێ ڕابەرەکانیان دەژین ( دانا ئادەم شمیدت لا٢٢١).
قزلباشەکان لە خێڵە تورکمانەکان پیکھاتبوون ، کڵاوی سووریان لە سەرە ، لە ئەنادۆل و سیواس دەژین ژمارەیان ( ٧٥٠٠٠) کەس دەبیت، زمانیان تورکی وفارسییە ( قاموس الاعلام ب٥ لا٣٦٥٨).
چەند کتیبیک پیرۆزە لایان لەوانە :- فی المناقب السفویە کە لە ھیندستان چاپ کراوە ، بویروق ، مورشید ، حوسەینییە …( عەزاوی لا٨٣). قزلباشەکانی ( تازە ، داقوق ، خورماتو ، قەرەتەپە ، تسعین ، بەشیر، لەلان ، نھێنی پاریزن، ڕیبازیکی زەندیقیان ھەیە ، لەگەل زۆر لە مێژوونووسان گفتوکۆم کردووە دەربارەی ھاتنی ئەم تورکمانانە ھەندێک دەڵین لەگەل سەلاجیقەکان ھاتوون لە ئەنادۆڵەوە ،ھەندیکی تر دەڵین نەوەی دیلە تورکمانەکانن کە کەوتنە دەستی تەیمورلەنگ لە ساڵانی ( ١٣٩٢ – ١٤٠٢ز.)، وا پێ دەچیت زۆربەیان لە سەر ریبازی سەفەوی بن کە ناسراوە بە بەکتاشییە ( ئەدموندز لا٢٣٩).
شەبەک
شەبەکەکان لە کوردستانی باشور، شیعە نین، لەسەر بیروباوەری بەکتاشین، ( سعد سەلوم لا٢١٤)، ڕی ورەسمی تایبەتیان ھەیە لە رۆژی ھەینی لە تەکییەکاندا ئەنجامی دەدەن ( سەلوم لا٢١٣) ،ئاینی شەبەک لەگەل ئاینی قزلباش زۆر نزیکن ( شندروی لا١٦١) ، شەبەک لەگەل بەکتاشی وقزلباش ھەمان بڕوا و ریی وڕەسمیان ھەیە ، کتیبی پیرۆزیان (بیروق = فەرمایشەکان ) دانەری سەفی دین ئەردەبیلییە ، ھەروەھا کتیبیکی تریان بەناوی ( کلینک) بە زمانی تورکییە کە لە بۆنە کاندا سۆفییەکان دەیخویننەوە (سەلوم لا٢١٣) ، لە جیاتی نویژ ریی ورەسمی ئایینی لە مالی رابەر ئەنجام دەدەن ، زیارەتی مەزارە پیرۆزەکانی خۆیان دەکەن بۆ نەجەف و کەربەلاش دەرۆن ( شندروی لا١٦٤ ).
بە سەر ھات و ئەو تومەتانەی پییان وتراوە
بەکتاشییەکان و گروپەکانی ھاوشیوەیان ھەر لە سەرەتای سەر ھەڵدانیانەوە زۆر بە سەرھاتیان ھاتوەتەسەر ، کوشتن و بڕین و ڕاگواستنەوە و تاڵان کردن و ویران کردنی مەزارگەو جەمخانەیان و گوشاری جۆر بەجۆر تا دەگاتە کۆمەڵ کوژی ، سەرەرای ناو وناتۆر و تومەتی بێ بنەمای جۆراوجۆر پییاندا وتراوە بۆ ناشرین و قیزەوەن بوونیان لە نێو کۆمەڵگادا ، ھەڵبەتە ھەمیشە زۆرینەی دەسەڵاتدار ئەم کارو کردەوانەی نابەجییان ئەنجام داوە بەرامبەر کەمینەکان بە دریژایی مێژووتا دەگاتە سەردەمی ھاوچەرخ لە دونیای جیھان بووندا، بونیان لە ھەندێ وڵاتدا ، بە ناھەق لە گەلیاندا بە خراپی و نایاسایی و نا مرۆڤایەتی دەجولینەوە ، چ لە رووی مەزھەبی یان لە رووی زمان و نەتەوەشەوە بۆیە چونەتە ژیر باری نھینیەوە ( فلەکە دین کاکەیی لا١٦٨).
لە سەردەمی سولتان مەحمودی دووەمی عوسمانی، بەکتاشییەکان کەوتوونەتە ژیر گوشارەوە، تەکییە و مەزارەکانیان داخراوە ، بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئایینی و داب ونەریت چوونەتە ژیر باری نھێنیەوە (تەبەری لا٣٠٠).لە ساڵی ١٨٢٦ز.دا ئینکشارییەکان شۆرشیکیان بەر پا کرد کە زۆربەی لایەنگرانی لە بەکتاشییەکان بوون ، سولتان مەحمودی دووەمی عوسمانی شۆرشەکەیانی دامرکاندا تەکییەو مەزارەکانی رۆخاند و ھەندێ لە سەرکردە و موریدەکانیان کوژران ( ف. عادل کاکەیی ). چونکە بەوە تومەت کرابوون کە پشتگیری شۆرشی ئینکشارییەکانیان کردووە ، سەرە رای رۆخانی تەکیەکانیان ماڵ وحاڵیانیش تاڵان کرا و تەکیە گەورەکانیان کران بە مزگەوت و قوتابخانە ، ئەم رووداوانە وای کرد قزلباش و بەکتاشییەکان یەک بگرن ( ویکپیدیا )، بەکتاشییەکان پەیوەندی بە ھێزیان ھەبوو لەگەل ئینکشارییەکان، کە ھەر یەکەیەکی ئینکشاری رابەریکی بەکتاشی لەگەڵدا بوو ، واتا بەکتاشی دەسەڵاتی بە سەر سوپای ئینکشاریدا ھەبوو ، پاش سەرکوتکردنی شۆرشی ئینکشارییەکان ڕیبازی سوفیگەری قەدەغە کرا تا دەگاتە سەر دەمی ساڵی ١٩٢٥ز. لە تورکیا دا ، بەڵام تا ئیستاش بەکتاشی بوونی ھەیە بە تایبەت لە ئەلبانیا کە سەرۆکەکەیان لە تەکییەی تیرانادایە ( ویکپیدیا). سالەح نیازی دواین شیخی بەکتاشیەکان چوو بۆ ئەلبانیا ، لەوێ ھەلبژیردرا بە شیخی شیخەکان ( رەد بابا ) لە لایەن دەرویشەکانەوە ، کە لە ساڵی ١٩٤٢ز . تیرور کرا ، کورەکەی عەباس دەدە بوو بە جیگری، ئەویش تیرور کرا لە ساڵی ١٩٤٩ز . پاشان ھاتنی بەلشەفی بۆ ئەلبانیا ، بارەگایان گواستەوە بۆ میسر لە قاھیرە ، ئەحمەد سرە بەکتاش (دەدەبابا) شیخی شیخەکانی بەکتاش لە میسر ( ویکپیدیا الموسوعە الحرە ).
پاش دامرکاندنی شۆرشی ئینکشارییەکان لە ساڵی ١٨٢٦ز، بەکتاشییەکان چوونەتە ژیر باری نھێنیەوە ، تومەتی بێ بنەمای جۆراوجۆر یان پیدا وتراوە ، کە ئەمانە عیلمانین و لە شیعە توندڕەوەکانن، لە ڕیوڕەسمەکانیان بە نھێنی و جۆریک بەرەللایی دەکەن ، پیاو ژن پێکەوە لە کۆبوونەوەکانداکۆدەبنەوە، بەڵا م خۆیان ھەموو ئەو تومەتانە ڕەد دەکەنەوە( داقوقی لا٢٨٧)، ئەو تومەتانە بە ھەموو ڕیبازەکان وتراوە گوایە شەویکیان ھەیە کۆدەبنەوە ژن و پیاو چرا دەکوژیننەوە و کاری بەرەلڵایی دەکەن ،بەڵام خۆیان ڕەدی دەکەنەوە و نەیاران پییاندا وتووە ( عەزاوی لا١٠٤). بەکتاشییەکان لە سیفات و ڕەوشتیاندا ولە داب ونەریتیاندا و لە ڕیە ئایینیشەوە ریزی ڕابەرەکانیان( دەدەکان ) یان وەلی (پیرەکانیان )دەگرن ، ھەروەھا برایەتی ھەیە لە نێوان ژن و پیاو ، بۆیە گەندەڵی و سۆزانی لە نێو خێزانی عەلەویەکاندا نییە ( داقوقی لا٢٩٥).
بەکتاشییەکان لە سەردەمی حاج بەکتاش ( ١٢١٠ -١٣٢٠ ز) پەیوەندیەکی باشین ھەبوو لەگەل یەکەکانی خیڵی عوسمانی تا سەرەتای سەدەی ( ١٦ز.) ، کە ئەو پەیوەندییە بەرەو لاواز بوونچوو ، پاش ئەوەی بەکتاشییە ( تورکمانە قزلباشەکان ) خۆیان دایە پاڵ سەفەوییەکان لە سەردەمی ئیسماعیل سەفەوی ( ١٥٠١ – ١٥٢٤ز) دژ بە سولتانی عوسمانی ( ویکپیدیا).
سولتان بایەزیدی دووەم ( ١٤٨١ – ١٥٢١ز) و سولتان سەلیمی یەکەم ( ١٥١٢ -١٥٢٠ز) تومەتی ئەوەیان بە بەکتاشییەکان کردووە کە لایەنگری سەفەوییەکانن بۆیە لە ساڵانی ( ١٥١١ – ١٥١٣ز) پاش کوشتاریکی زۆری بەکتاشییەکان کەوتنە ژیر باری نھێنییەوە ( داقوقە لا٢٨٧).تەنانەت لە تورکیای عوسمانی نوێش کەوتنە ڕوو بە ڕووبوونەوەی کۆمەڵ کۆژی ( داقوقی لا٢٩٥). لە پاش ١٨٢٦ز.دا ھەموو جەمخانەکان و مەزارەکانیان داخرا و کەوتنە بەر شاڵاوی دونان وماڵ چۆڵ کردن کە پاشان دەست بە سەریاندا گیرا و کرایە تەکییەی نەقشبەندی ( داقوقی لا٣١٠)، لەو کوشتارەدا بە پێی فتوای پیشەوایان زیاتر لە چل ھەزار کەس کوژران لە مناڵی حەوت ساڵییەوە تا تەمەنی چل ساڵان ، ژن و کچەکانیان بوون بە کەنیزە ، کورەکانیش بە سەر سوپادا دابەش کران ،بە شیکی زۆریش بۆ وڵاتانی ئەوروپای داگیر کراو دوور خرانەوە ( وریا بداغی لا٢٨)مەبەستیش لەم کۆمەڵ کوژییە نەھیشتنی لایەنگرانی شاە ئیشماعیل سەفەوی بوو و نەھیشتنی شیعەگەرایی لە ئەنادۆڵ و وڵاتی عوسمانیدا ( وریا بداغی لا٤٦)، سولتان سەلیم کە شەری چالدیرانی ئەنجام دا لە گەل ئیسماعیل سەفەوی لە ساڵی ١٥١٤زدا پاشان کەوتنە دابەشکردنی کوردستان بە پێی ڕیککەوتنی ئەماسیا تەنھا کوردستانی ڕۆژھەڵات لە ژیر دەسەڵاتی سەفەوییەکان بوو ، واتە جگە لە ڕۆژ ھەڵاتی کوردستان ، ھەموو کەوتە ژیر دەسەڵاتی عوسمانییەکان ، پاش ریککەوتنامەی نێوان سەفەوی و عوسمانی لە ٢٩ مایس ساڵی ١٥٥٥ز .لە ئەماسیا لە دوای شەری چالدیرانی ساڵی ١٥١٤ز . کە ماوەی ئاشتی بوو ، خدر پاشا کە یەکیک بوو لە وەزیرەکانی دەولەتی عوسمانی ، فەرمانی دا ( پیر سولتان ئەبدال – قوجە حەیدەر ) ئیعدام بکریت لە شاری سیواس ، کە یەکیک بوو لە شاعیرە گەورەکانیان ، چەنکە لایەنگری سەفەوییەکان بوو و بەشداری لە راپەرینی زونون و قەلەندەر چەلەبی کردبوو ، ئەمە بوە ھۆی تورەبوونی قزلباشەکان لە ئەنادۆڵ ، پاشان چوونە ژیر باری نھینییەوە ( ویکپیدیا ). عەلەوییەکان بەگشتی کەوتنە ژیر رەحمەتی دەسەڵاتدارانی عوسمانی ، ھەرچەندە لە ژیر باری نھێنی بوون ، بەڵام زوڵم زۆر و گوشاریان پەرە پێ دابە ھاندانی ئەو ھێزانەی چوبوونە ریزی سوپای عوسمانیەکانەوە ، یان ئەو سەروک خێڵ و عەشیرەتانەی بە پلانی عوسمانییەکان گوشار و کوشتاریان لێ دەکردن ، واتە زیاتر بارو دۆخی ژیانیان ئاڵوزتر بوو ، لە سەردەمی سولتان عبد الحمیدی دووەمی عوسمانی ( ١٩٠٨ز) جاریکی تر بەکتاشییەکان چالاکیان بوژایەوە و تەکیەکانیان دامەزرایەوە ، بەشداریان کرد خۆ بەخشانە لە جەنگی جیھانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ز . و کەمال ئەتاتورک کە خۆی بەکتاشی بوو ، داوای لە بەکتاشییەکان کرد لە جەنگی رزگاری ساڵی( ١٩١٨ – ١٩٢٣ز ( دا یارمەتیدەری بن ، یارمەتیا دا تا پاش جەنگ چونکە رقیان لە سولتانی عەسمانییەکان بوو .( ویکپیدیا ).
لە سەردەمی وڵاتی تورکیا پاش جەنگی جیھانی یەکەم ، و دوای دامرکااندنی یەک لە دوای یەکی ڕاپەرینەکانی باکوری کوردستان و بەردەوامی سیاسەتی رەگەز پەرستی کەمال ئەتاتورک لە تواندنەوەی کورد و ڕاگویزانی بۆ ئەنادۆڵ،بە پیی یاسای ژمارە ٢٥١٠ لە ساڵی ١٩٣٤ز . و توانەوەی نەتەوەکانی غەیرە تورک لە نێو کۆمەڵگای تورکدا ( وریا بداغی لا٢٨) ، کوردە زازاکانی دەرسیم کە زازای عەلەوین لە دژی ئەم سیاسەتە وەستانەوە و ڕاپەرینیکی گەورەیان بە سەرکردایەتی سەید رەزای دەرسیمی لە ساڵی ١٩٣٧ز.دا بەرپا کرد .(شندروێ لا٢٧)، پاش لە ناوبردنی سەید رەزا و ھەڤاڵانی ، بە فێڵ کەوتنە ویزەی عەلەوییەکان ، گوندەکان سوتینران و ویران کران ، خەڵکێکی زۆر سفیل کوژران ، دانیشتوانی گوندەکان دوور خرانەوە بۆ ناوچە وشکانییەکانی ئەنادۆڵ کە زۆربەیان لە نەبوونی و برسیەتی گیانیان لە دەست دا ( شندروێ لا٢٩)، زوریشیان دەستگیر کران و حوکمی نابەجییان بە سەردا دەسەپینرا، زمانی کوردی قەدەغەکرا لە ھەموو کورد نەک تەنھا عەلەوییەکان ، ڕۆشنبیران تیرۆر کران یان لە سێدارە دەدران یان دوور دەخرانەوە ، وای لێ ھاتبوو دەرسیم لای عوسمانییەکان و لای دەسەڵاتدارانی تورکیای نوێ وەک ھەریمیکی دوژمن سەیر دەکرا و بە جێگەی ھەرەشە بووە بۆ تورکیا ( شندروێ لا٢١) ، ئەو ئایدۆلوجیای ڕەگەز پەرستی کەمالی تا ئەمرۆش لە تورکیادا بەردەوامی ھەیە ( شندروێ لا٣٠)، ھەروەھا لە ساڵی ١٩٧٦ز . لە کوردستانی باکور لە شاری مەرعش لە نێوان موسلمان و عەلەوییەکان شەر رووی دا زیاتر لە ( ١٠٠کەس) کوژرا ( میران لا٨٣).
عەلەوییەکانی تورکیا بەگشتی و لە نێوانیادا بەکتاشییەکان کەوتوونەتە جموجۆڵ و سەریان ھەڵداوە لە چەندین سازکردنی دەزگای گەورەدا خۆیان ڕیکخستووە و داواکارییەکانیان بە گویی دونیادا دەدەن ، کە داخوازی سەرەکیان وەک خۆیان ھەن قبوڵ بکرین و مافی ھاووڵاتیان ھەبێ بۆ ئازادی ڕیوڕەسم و پەرستن و کولتووریان بپاریزریت و مەزارو تەکیەکانیان بکرێتەوە و نەوژەن بکرێت( فلەکدین کاکەیی لا١٦٧) ، زۆر لەو داخوازیانە لە ( ٢١ئادار ی ساڵی ١٩٨٩زدا) لە یەکەمین بەیاننامەی عەلەوی تورکیا ڕاگەیەنرا پاشان لە ( ٣٠ ی مانگی ١٠ ی ساڵی ١٩٩٤زدا )لە لایەن مەزنترین و باڵا ترین فیدراسیۆنی شاندی عەلەوی – بەکتاشی ریکخراوەتەوە ( فەلەکە دین کاکەیی لا١٧٦) .
داخوازی نویی عەلەوییەکان کە لە لایەن کۆمەڵە و فیدراسیونە باڵاکانی عەلەوی بەکتاشی ھاتوونەتە سەر زمان وەکو لە خودی ڕۆژنامە و میدیاکانی تورکیادا بڵاو بووتەوە، ریزلێنانە لە بیرەوەری سەدان ڕۆشنبیرو ھونەرمەندی عەلەوی کە لەئۆتیلی (مادماک) لە شاری ( سیواس) لە ساڵی ١٩٩٣زدا کۆبوونەوە ، ئاگر لە ئۆتیلەکە بەردرا بوو ( ٣٧ کەس) بوونە قوربانی، ( فەلەکەدین کاکەیی لا١٧٤)، ھەروەھا کۆمەڵیک ڕۆشنبیریان ساڵی ١٩٩٥ز. لە گەرەکی ( غازی عوسمان پاشا) کوژران و لە ئەنقەرە و شارەکانی دیکەش کەسانێک کەوتنە بەر تیرۆر و ڕاونان ( ھەمان سەرچاوە لا١٧٦).( ڕۆژنامەی خەبات لا٣ ژ. ٣٠٣٦). ئیستا عەلەوییەکان دەیانەوی ئۆتیلی ( مادماک) لە سیواس بە یادی قوربانیانی کارەساتی ساڵی ١٩٩٣ز بکرێت بە مۆزەخانە ساڵانە یادی بکەنەوە ( ھەمان سەرچاوە ) لە بەر ئەو ھەموو ڕۆداوانەی کۆن و نوێ، داخوازییەکانی عەلەوییەکان ، ئەوروپا کیشەی عەلەوییەکان وەک ھی کورد لە پیش تورکیادا بە مەرج داناوە بۆ وەرگرتن لە ئەندامێتی کۆنسەی یەکیتیەکەدا (ھەمان سەرچاوە لا١٧٧).
زۆر تومەتی نا بە جییان داوەتە پاڵ ڕیباز و ئاینی گروپە عەلەوییەکان وھی تریش کە زۆر دوورن لە ڕاستییەوە ، تەنھا لە بەر ئەوەی جیاوازیان ھەیە لە زۆرینەی کۆمەڵگا کە سەر بە ئاینیکن و خۆیان بە ڕاستتر دەزانن لە ھەموو یان قبوڵیان ناکەن ، واتە بەم کردەوەو بۆچوونانە روحی پێکەوە ژیانیان نییە ، دەیانەوی کەمینەکان نەھێڵن یان بتوینەوە لە نێو خۆیاندا ، لەو تومەتانەی دراوەتە پاڵیان :-
گوشتی بەراز و کەروێشک و ھەندیکیان ماسی ناخۆن ، بەڵام مرداریان حەڵاڵ کردووە ( میران لا٢١٧)، زۆربەی ژن ھێنان بە ( رەدوو ) ھەڵگرتن یان بە دووکەوتن دەبێ، ژن ھەڵگرتن لایان کاریکی جوامێرانەیە، ئەمەیان لە ڕاستییەوە دوورە ( میران لا٢١٦)، ئاساییە ئەگەر ژن و پیاوی عەلەوی پەیوەندی دڵداری و سیکسی تریشیان ھەبیت، یان ئافرەتی عەلەوی جگە لە مێردەکەی، دڵدایکشی ھەبێت ، ئەگەر نەیبێ بە کەمی دەزانن ( ھەمان سەرچاوە ) بە گویرەی ھەندێ سەرچاوە، خەڵکی مەسلمان بە عەلەوییەکان دەڵین ( پیسلمان) ( میران لا٢٠٤)، یان بە گوێرەی ( ڤان بریستون ) بە عەلەوییەکان دەڵین ( زەندیق) ( میران لا٢٠٥).
دەگیرنەوە گوایە ھەندیک گوندی قزلباش لە ناوچەی قارس کەوتوونەتە ژیر دەسەڵاتی روسیا ، بفەرمانبەرە روسەکانیان وتووە کە بە ناوی ( یارم کریستیان = نیو دیان ) ناو نووسیان بکەن ( میران لا٢٠٩) ،ھەروەھا لە لایەکی تریشەوە عەلەوی وەک ئەھلی ھەق، بەکتاش دامەزرینەزی ڕیبازی بەکتاشی بە تەجسیدیکی خودایی دادەنین، بە مردنی حاج بەکتاش دونیا بە بێ خودا مایەوە ( میران لا٢٠٩)، بە گویرەی وتەکانی میران کە دەڵیت (دەڵین یان دەگیرنەوە یان ھەر وتەیەکە تر وتوویانە یان ئاڵین )جێی بڕوا نییە و متمانەی پێ ناکرێت ، چونکە زیاتر ئەو قسە نابە جییانە لە نەیارانەوەبە کار ھاتووە، کە دووراو دوور پییاندا ھەڵواسیوە ، بێ ئەوەی ھەقیقەتیان بزانن دەربارەی بیرو باوەڕ و ڕیوڕەسمیان، چونکە ئەوان نھێنی پاریزن و بە ھیچ شیوەیەک نھێنی خۆیان بۆ بیگانە نادرکێنن.
ھەندی تومەتی تر وتراوە کە دەڵین حەیوان سەر نابرن، لە ڕی لادەرن، لە بەر ئەوە خوادنی عەلەوییەکان ناخۆن ( شندروێ لا٣١)، ھەندێ جار پییان وتراوە پشتگیری عیلمانییەت دەکەن ( ھەمان سەرچاوە ) یان وەک ئەوەی وتراە لە جەژنەکانیان شەوی تایبەت ژن وپیاو تێکەڵ دەبن و کاری نابەجێ دەکەن یان پیسن خۆیان ناشۆن.
دەرئەنجام
ئەو شۆرش و بزوتنەوانەی سەریان ھەڵداوە پاش ھلتنی سوپای عەرەب و ئیسلام بۆ ناوچەکان ، ھەمووی بۆ نواندن و زیندوکردنەوەی کولتووری دێرینن لە پیش ھاتنی سوپای عەرەب و ئیسلام. ریبازەکانی وڵاتی عوسمانی لە رووی کولتووریەوە سیماو رەگەزی کۆنی تورکیان پاراستووە وەک ( شامانی ) کە بەر لە ئیسلام ھەبوون ، ھەر وەک لە ناو کوردا شێوەی ھەندی رەگەزی میترایی و زەردەشتی و مانی و مەزدەکی لە ناو خۆدا پڕ کردووتەوە. ھەرچەندە توشی گیروگرفتی قورس و زۆر بوونە بە دریژایی مێژوو ، بەڵام لە سەرەتای ھەزارەی سێیەم توانیان ھەندێ ئازادی مافە ڕەواکانیان بەدی بھێنن ، بە تایبەت لە ولاِتی تورکیادا ، لە بە دیھێنانی ڕیوڕەسم و داب و نەریت و کردنەوەی مەزارگەو تەکییەکانیان.
سەرچاوەکان
١- محەمەد عەلی سولتانی ، بزوتنەوەی عەلەوییەکانی زاگرۆس ، ب١ ، ٢٠١١ز . ،چ. ئاراس ، ھەولێر
٢- ئەسرادۆغان ، ولایەتنامە ، ٢٠١١ز، چ. ئاراس ، ھەولێر .
٣- ئیبراھیم داقوقە ، العلویون ، ٢٠١٠ز. چ. ئاراس ، ھەولێر .
٤- عەباس عەزاوی ، الکاکائیە فی التاریخ ، ١٩٤٩ز. چ. زانکۆی موسل .
٥- ڤ .ئیڤانۆڤ ، و, ئاسۆ کەریم ، پەیرەوانی ڕاستی ئەھلی ھەق ، ٢٠٠٣ز . ،چ١، چ. و, ڕۆشنبیری ، ھەولێر .
٦- د. فۆاد بوزگرت، فەرمان یان فەرمایشان ، ت. مریەم سولتانی ، ٢٠١١ز. چ. ئاراس ، ھەولێر .
٧- ئارش ئەمجەدی، بویروق( کتیبی پیرۆزی شەبەک ) ، چ١، ٢٠١١ز . ، چ. ئاراس ، ھەولێر.
٨- بویروق ( فەرمان ) ، ت. مریەم سەلتانی ، چ١ ، ٢٠١١ز. چ.ئاراس . ھەولێر .
٩- سەعد سەلوم ، الاقلیات فی العراق ، ٢٠١٢ز . دار الرافدین ،لبنان .
١٠- س. ج . ئەدموندز ، کورد تورک عرب ، ت . جرجیس فتح اللە ، ١٩٧١ز. ، کتاب التاخی .
١١- د. جەمال نەبەز ، فەلسەفە و ڕامانی یارسان ، ٢٠٠٩ز. ، چ. منارە ، ھەولێر .
١٢- ئۆشۆ ، تانترا ، و. سیدو داود عەلی ،چ١ ، ٢٠١٠ز. ، سلیمانی .
١٣- محەمەد سلیمان عەباس ، مرۆڤ و زەمەن ، ٢٠١٣ز. چ. موکریان ، ھەولێر .
١٤- فەلەکەدین کاکەیی ، کۆبەرھەم ، ٢٠١٥ز. ،چ. موکریان ، ھەولێر .
١٥- د. رەشاد میران ، رەوشی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان ، چ٢. ١٩٩٣ز. ،چ. و, پەروەردە ، ھەولێر .
١٦- د. رەشاد میران ، چەند بابەتێکی ئەتنوکۆمەڵایەتی ، چ١ ، ٢٠١٠ز، چ. خانی ، دھوک .
١٧- ئەیوب ڕۆستەم ، یارسان ، چ٢ ، ٢٠٠٦ز. ، مەڵبەندی ڕۆشنبیری ھەورامان .
١٨- دانا ئادەم شمیدت ، ت. جەرجیس فەتح اللە ، رحلە الی رجال شجعان فی کوردستان ، ١٩٦٤ز .، لبنان .
١٩- محەمەد عبد الحمید ، رسائل اخوان السفا والتوحید العلوی ، ١٩٩٨ز. ، رقە سوریا .
٢٠- التبری ، معجم البلدان ، ب٩ ،١٩٦٧ز. م. دار المعارف ، میسر .
٢١- عەباس العزاوی ، تاریخ العراق بین احتلالین ، ج٢ ،١٩٣٦ز. موسل .
٢٢- تەیب تاھری ، تاریخ و فەلسەفەی سەرئەنجام ، ٢٠٠٩ز، چ. ڕۆژھەڵات ، ھەولێر .
٢٣- مەنوچەھر پارادوست، جەنگی چالدیران ، و, وریا بداغی ، ب١ ، ٢٠١٤ ز، چ. موکریان ، ھەولێر
٢٤- قاموس الاعلام ، شمس الدین سامی ، ( م . ٢، ٥) تورکی .
٢٥- دارە المعارف الاسلامیە ،ب٤،
٢٦- یاسین سابر سالەح ، ئینسکلوپیدیای گشتی ، ٢٠٠٥ز. ،سلیمانی .
٢٧- گۆڤاری کۆری زانیاری عیراق ، دەستەی کوردی ،ب٢، ١٩٨٣ز. ،بەغدا .
٢٨- ڕۆژنامەی خەبات ، ژ.٢٠٢١ ، لا٣ ، سالی ٢٠٠٦ز.
٢٩- گۆڤاری ڕۆشنبیری ، ژ٤ ، ئینستیۆتی کۆمەلی یارسان ، ٢٠٢١ز. ، ستوکھوڵم ، سوید .
٣٠- ویکپیدیا .
٣١- رەسیف ٢٢.
٣٢- فەیسبوک ، عادل کاکەیی .
٣٣- راپۆرتی ماموستا عەلی یوسف کاکەیی ، سەردانی کردنی بۆ ناو بەکتاشییەکان لە تورکیا .
٣٤- مجلە اھل البیت (ع) العدد ١٩ ، جامعە اھل البیت ، الباحپ مەھدی ادریس ، (ئینتەرنیت )
فایل پی دی اف : 1_117zon